تۆنالی دەبێتە گرانترین یاریزانی مێژووی ئیتاڵیا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ساندرۆ تۆنالی، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ئیتاڵیا و یانەی ئەی سی میلان دەبێتە یاریزانی یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی و ریکۆردێکی مێژوویی تۆماردەکات. 
 
یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاست کە بە گەوهەری ئیتاڵیا ناسراوە، تەمەنی 23 ساڵە و ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی ئەنجامدەدات و دەبێتە یاریزانی یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی. 
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی تایبەت بە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ماوەی کاژێری رابردوودا دوو هەواڵی لەسەر ئەم گواستنەوەیە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی رێککەوتنەکە کردووە. 
 
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت: هەموو شتێک کۆتایی هاتووە، ساندرۆ تۆنالی بەبڕی 70 ملیۆن یۆرۆ لە میلانەوە دەچێتە نیوکاسڵ، مووچەی ساڵانەکەشی 7 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، هەروەها ساڵانە 2 ملیۆن یۆرۆش وەک زیادکراو و بەخشیش لەکاتی بەدەستهێنانی خەڵاتەکاندا وەردەگرێت. 
 
رۆمانۆ ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ئەمڕۆ بەرپرسانی یانەی نیوکاسڵ سەردانی شوێنی مانەوەی شاندی هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵانی ئیتاڵیایان کردووە لە وڵاتی رۆمانیا کە بەشداری لە یۆرۆی خوار 23 ساڵان دەکەن، لەگەڵ یاریزانەکە و بەڕێوەبەری کارەکانیدا کۆبوونەتەوە، هەر ئەمڕۆ یاریزانەکە لە رۆمانیا پشکنینی پزیشکی دەکات، بەڵام مەرج نییە ئەمڕۆ یانەی نیوکاسڵ گرێبەستەکە رابگەیێنێت، لەوانەیە لەم هەفتەیەدا ئەو کارە نەکەن بەهۆی ئەوەی هێشتا کاروباری فەرمی تەواونەبووە. 
 
ساندرۆ تۆنالی دەبێتە گرانترین یاریزانی ئیتاڵی لە مێژوودا کە نرخەکەی دەگاتە 70 ملیۆن یۆرۆ, وەرزی رابردوو لەگەڵ میلان لە خولی ئیتاڵیا 61 هەلی گۆڵکردنی دروستکردبوو کە هیچ یاریزانێكی خوار 23 ساڵان ئەو کارەی نەکردبوو، ئەمە لە کاتێکدا یاریزانی چەقی ناوەڕاستە کەم بەشداری لە هێرشەکاندا دەکات.