سادیۆ مانێ: پێویستیم بە ئاڵنگارییەکی نوێ هەبوو

رووداو دیجیتاڵ

 

سادیۆ مانێ، هێرشبەری نوێی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، خۆشحاڵی خۆی بە چوونە ریزەکانی یانەی باڤاری نیشاندا و گوتی "پێویستیم بە ئاڵنگارییەکی نوێ هەبوو".
 
سادیۆ مانێ دوای ئەوەی بەفەرمی لەلایەن یانە نوێیەکەوەیەوە ناسێنرا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "پێموایە شەش ساڵی نایابم لە لیڤەرپوول بەسەربرد لەگەڵ کەسانی زۆر باش و هاندەری نایاب، بێگومان وەک گوتم ئەوانەی لە لیڤەرپوول بوون خۆشحاڵ نەبوون کە رۆیشتم، بەڵام ئەوە بەشێکە لە ژیان".
 
هەروەها گوتیشی "من لە پرێمەرلیگ بووم، 6 بۆ 8 ساڵ لەگەڵ ساوسامپتۆن و لیڤەرپوول، پێویستیم بە ئاڵنگارییەکی نوێ هەبوو". 
 
یاریزانی هەڵبژاردەی سەنیگال، سەبارەت بە بایرن میونشنیش گوتی "بەڕاستی بایرن بۆ من بۆ ئەو یانەیە کە دەمەوێت لەگەڵیدا هەموو ئامانجەکانم بەدەستبێنم، من برسیم بۆ بردنەوەی هەموو نازناوەکان لەگەڵ ئەم یانەیەدا". 
 
ئەو باسی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری لە لیڤەرپوولیش کرد و گوتی "بەڵێ، کلۆپ کلۆپە، ئەو پیاوێکی زۆر باشە، بێگومان، ئەو زۆر حەزی دەکرد لە لیڤەرپوول بمێنمەوە، بەڵام وەک گوتم ئەو پیاوێکی زۆر باشە، ئەو وەک یانەکە لە دۆخی من تێدەگات، بۆیە ئەوان ویستی منیان قبوڵ کرد، بێگومان هیوای سەرکەوتن بۆ لیڤەرپوول دەخوازم".
 
ئەستێرەی سەنیگالی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "کاتێک لە لیڤەرپوول یاریم دەکرد بۆ هەموو شتێک تێدەکۆشاین، چونکە لیڤەرپوولە، بەڵام  بایرنیش بایرنە، یانەیەکی زۆر گەورەیە، هەمیشە بۆ هەموو شتێک تێدەکۆشێت. پێموایە ئەگەر ببیتە یاریزانی بایرن دەبێت ئەم عەقڵیەتەت هەبێت، لەپێناو هەموو نازناوەکاندا بجەنگی".