بۆندێسلیگا بە 5 ملیار دۆلار فرۆشرا

رووداو - هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، دەستەی بەڕێوەبردنی خولی بۆندێسلیگا، بڕی 4.4 ملیار یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی 4.95 ملیار دۆلار لە فرۆشتنەوەی گواستنەوەی یارییەکان بۆ ناوخۆی ئەڵمانیا و بۆ ماوەی 4 وەرز وەردەگرێت.

مافی گواستنەوەی یارییەکانی بۆندێسلیگا بەسەر چەندین کەناڵی ناوخۆییدا دابەشکرا، لەوانەش سکای سپۆرت کە گوژمەی هەموو یارییەکانی رۆژانی شەمەی خولەکەی بردەوە.

رێکەوتنی پێشوو بۆ فرۆشتنەوەی مافی گواستنەوەی یارییەکانی بۆندێسلیگا، لە وەرزی داهاتوودا تەواو دەبێت و رێکەوتنە نوێیەکە بۆ چوار وەرزی دوای ئەوەیە.

رێکەوتنە نوێیەکە لەگەڵ رێکەوتنی پێشوودا جیاوازییەکی زۆری نییە و تەنیا بڕی 200 هەزار یۆرۆی کەمکردووە، کە ئەمەش بۆ ئێستا و سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە دەستەواریەکی نایاب دادەنرێت.

تۆڕی دازۆن مافی گواستنەوەی یارییەکانی خولەکەی لە رۆژانی هەینی شەمەدا بەدەستهێناوە و کەناڵی سات 1 کە بەخۆڕاییە و سەربە تەلەڤزیۆنی ئەڵمانیایە، لە وەرزێکدا مافی گواستنەوەی 9 یاری راستەوخۆی بەدەستهێناوە.

کریستیان زاڤێرتی سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری بۆندێسلیگا گوتی: بۆ هەر ساڵیک بڕی 1.1 ملیار یۆرۆ لە 18 سەرچاوەی جیاواز وەردەگرین کە مافی گواستنەوەی راستەوخۆی یارییەکانی خولەکەیان بەدەستهێناوە.