رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی ئامادەکاری دەکات بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی ریال مەدریدەوە و لە سەرنجڕاکێشترین شوێنی مەدرید کۆشکێکی شاهانە دەکڕێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی بەریتانی، کیلیان ئێمباپێ کۆشکێکی گەورەی لە گەڕەکی لامۆرالێخای نزیک لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کڕیووە و 15 ملیۆن پاوەندی بەو کۆشکە داوە، کە شوێنی دەوڵەمەند و بازرگانەکانە لە پایتەختی ئیسپانیا.
بەپێی راپۆرتەکە، لەو شوێنەی ئێمباپێ کۆشکەکەی کڕیووە، چەندین ئەستێرەی تۆپی پێ و ئەکتەر و گۆرانیبێژ لێی دەژین، لەوانەش سێرخیۆ رامۆس، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئیسپانیا کۆشکێکی لەو گەڕەکە هەیە، ریچارد جیری ئەکتەری بەنێوبانگیش بەهەمان شێوە.
جگە لەوەش پێشتر کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دەیڤد بێکهام، ئەو کاتەی یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوون، لەو شوێنە دەمانەوە.
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا بڵاویانکردبووە، کیلیان ئێمباپێ دەیەوێت کۆشکەکەی سێرخیۆ رامۆس بکڕێت، بۆ ئەوەش گفتوگۆیان لەبارەی شوێنەکە و نرخی کڕینەکەی کردووە، بەڵام دوایین ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە یاریزانە فەرەنسییەکە کۆشکێکی دیکەی لەو شوێنە دەستنیشانکردووە، بۆ ئەوەی تێیدا بژیت.
ئێمباپێ رۆژی شەممەی داهاتوو، دوایین یاریی بەدرێسی یانەی پاریس سانجێرمانەوە لە یاریی کۆتایی جامی فەرەنسا، بەرامبەر یانەی لیۆن ئەنجامدەدات، دوای ئەوە بە ئەگەری زۆرەوە دەکرێت پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە رابگەیێنرێت.
یانەی ریال مەدرید دەیەوێت دوای ئەنجامدانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ خۆی بۆ راگەیاندنی گرێبەستە سەرنجڕاکێشەکەی ئێمباپێ ئامادەبکات، بەڵام دیارنییە بەر لە وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی یۆرۆی 2024، رێوڕەسمی ناساندنەکەی دەکرێت یان لە دوای پاڵەوانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ