ئیتیحادی سعودی کار بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دەکات

23-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید ئیتیحاد خوسێلۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحادی سعودی، چاوی لە تواناکانی ئەستێرەیەکی یانەی ریال مەدریدە و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینەدا بیباتە ریزەکانی.
 
خۆسێ فێلێکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا دەڵێت "هەردوو یانەی ئیتیحادی سعودی و ریال مەدریدی ئیسپانی گفتوگۆ لەبارەی یاریزانێکەوە دەکەن."
 
دیاز ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو یاریزانەی یانەی ئیتیحادی سعودی دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ خوسێلۆیە، کە بەشێوەی خواستن یاری بۆ ریال مەدرید دەکات، بەڵام یانەی شاهانە دەتوانێت مەرجی کڕینەوەی یاریزانەکە کارپێ بکات.
 
خوسێلۆ دوای ئەو گۆڵەی بەرامبەر بایرن میونشن تۆماریکرد، چاوێکی زیاتری کەوتووەتە سەر، پێشتر میدیای ئیسپانیا رایگەیاندبوو، ریال مەدرید بیر لەوە دەکاتەوە یاریزانەکە بۆ ساڵێکی دیکە لە یانەکەدا بهێڵێتەوە.
 
یانەی ئیتیحاد لەکاتێکدا هەوڵی گواستنەوەی خوسێلۆ دەدات، کەریم بنزیما و عەبدولرەزاق حەمدڵڵا، ئەگەری هەیە لە یانەکە بڕۆن.
 
جگە لە خوسێلۆ، ئیتیحاد چاوی لە تواناکانی هەریەکە لە ئانخێل کۆریا، یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، کیڤن دیبرۆین و ئێدێرسۆن، ئەستێرەکانی یانەی مانچێستەر سیتییە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەستیان لەگەڵ واژۆبکات.
 
خوسێلۆ بەشێوەی خواستن لە یانەی ئیسپانیۆلەوە پەیوەندیی بە ریال مەدرید کردووە، مەرجی کڕینەوەی یاریزانەکە بەشێوەی هەمیشەیی تەنیا 1.5 ملیۆن یۆرۆیە.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە