یوڤێنتوس لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستە سەرنجڕاکێشەکە نزیکدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تیاگۆ مۆتا، راهێنەری لاوی یانەی بۆلۆنیا نزیکە لە بەجێهێشتنی یانەکەی و پەیوەندیکردنی بە یانەی یوڤێنتوسەوە.
 
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی یانەکەی لەم وەرزەدا پێشکێشیدەکات و دوای گەیشتنیان بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای وەرزی داهاتوودا، تیاگۆ مۆتا، سەرنجێکی زۆری بەلای خۆیدا راکێشا و یانەی یوڤێنتوس دەیەوێت پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکەی بۆ وەرزی داهاتوو بداتە ئەو راهێنەرە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لە چەند کاژێری داهاتوودا تیاگۆ مۆتا، بەفەرمی ویستی بەجێهێشتنی یانەی بۆلۆنیا بەبەرپرسانی یانەکە رادەگەیێنێت، راهێنەرەکە دەیەوێت پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی یوڤێنتوس وەربگرێت و مووچەی ساڵانەی لە خانمە پیرەکەدا 5 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
 
یوڤێنتوس هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەکەی راگەیاند، ئێستا ئەو یانەیە بێ راهێنەرە و مۆتا بەربژێری یەکەمە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە.
 
بۆلۆنیا لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی تیاگۆ مۆتا، لە رکابەرییەکانی سێریا ئادا، لە 37 یارییدا 68 خاڵی کۆکردووەتەوە و ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە و سەرکەوتنی بۆ یارییەکانی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکردووە، کە لە دوای 58 ساڵ یەکەمجارە ئەو یانەیە بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بکات.
 
تیاگۆ مۆتا تەمەنی 41 ساڵە، لە 2018 دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە، سەرەتا لە تیپی لاوانی یانەی پاریس سانجێرمان دەستیپێکرد، دوای ئەوە لە 2019 بووە راهێنەری تیپی یەکەمی یانەی جێنەوا، وەرزی 2021-2022 راهێنەری یانەی سپێزیای ئیتاڵی بوو و لەم وەرزەشدا راهێنەری یانەی بۆلۆنیا بوو.