ڤیدیۆ؛ میوانێکی نوێ بۆ چامپیۆنزلیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

کە هات یانەکەی لە پلەکانی کۆتایی ریزبەندی پرێمەرلیگ بوو، ئێستا گەیشتە چامپیۆنزلیگ.
 
وەرزی داهاتوو دوای 20 ساڵ جارێکی دیکە ئاوازی چامپیۆنزلیگ لەنێو یاریگەی سانت جەیمس پارک لێدەدرێت و نیوکاسل بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکات.
 
ساڵی 2021 بووە سەردەمێکی نوێ لە یانەکەدا، کاتێک دەستەی وەبەرهێنانی سعودیە یانەکەی بەرامبەر 300 ملیۆن پاوەند کڕییەوە، یاسر رومەیان کرایە سەرۆکی یانەکە و ئاماندا ستاڤێلیش بووە بەڕێوەبەری جێبەجێکار، ئیدی لەو کاتەوە گۆڕانکارییەکان دەستیانپێکرد.
 
دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ و چاوەڕوانیی هاندەران بۆ گۆڕانکارییەکان، کارگێڕیی یانەکە بڕیارییدا ئیدی هاو، لە شوێنی ستیڤ بروس بکاتە راهێنەر، لە دوای ئەوەوە رۆژە ناخۆشەکان لە سانت جەیمس پارک گۆڕدران بۆ خۆشی و یانەکە رۆژ لە دوای رۆژ ئاستێکی بەرزتری پێشکێشکرد.
 
هەرچەند نیوکاسل چەند یاریزانێکی نوێی گواستەوە، بەڵام هیچ یەکێکیان ئەوە نەبوون کە ناوبانگی زۆریان هەیە و نرخەکانیان زۆربەرزە، ئیدی کە پێشتر لەگەڵ بۆرنمۆوس ئەزموونی پەیداکردبوو باش تێدەگەیشت کە لەگەڵ تیپێکی ئاساییش دەتوانێت رکابەری بکات، نەک بچێت ناوی گەورە بگوازێتەوە، بکەوێتە ژێر بەرپرسیارەتییەکی گەورە و ئەنجامی نەبێت.
 
نیوکاسل دوای رکابەرییەکی زۆر گەیشتە چامپیۆنزلیگ، لێرە بەدواوە کارکردن بۆ پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات، بەتایبەت کە یانەکە پێویستیی بە پێکهاتەیەکی بەهێزتر و یاریزانی باشتر دەبێت، کە بێگومان چەند ئەستێرەیەک لە پلانەکانی یانەکەدا، لەوانەش نەیمار داسیلڤا و رافینیا، بەڵام ئەو پرسیارەی هەمووان چاوەڕێی وەڵامەکەی دەکەن، ئەوەیە ئایا کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەچێتە یانەکە و دەگەڕێتەوە پرێمەرلیگ یان نا؟ بەتایبەت کە یانەکە سعودیە خاوەنداریەتیی دەکات.