ڤیدیۆ؛ ئەنچیلۆتی: لە ئیسپانیا بەردەوام پێتدەڵێن کوڕی سۆزانی، دایکت بمرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر ئیسپانیا و رایگەیاند لەو وڵاتەدا کێشەی رەگەزپەرستی هەیە و کەس کارناکات بۆ بنەبڕکردنی، گوتیشی "ئەمە وەرزشە، شەر نییە". هەروەها دووپاتیکردەوە کە ڤینیسیۆس قوربانییە نەک تاوانبار.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، جارێکی دیکە باسی رووداوەکەی نێو یاریگەی مێستایا کرد و گلەیی لە ئیسپانیا کرد و ئاشکرایکرد، کە هاندەران هەمیشە سووکایەتی بە یاریزانان و راهێنەرانیش دەکەن.
 
کارلیتۆ گوتی "ئێمە وەک هەموو کەسێک نیگەرانین لەوەی چی روویداوە. پێموایە هەمووان نیگەرانن. زۆر شت لەسەر ئەم بابەتە گوتراوە، دادپەروەرانە و دروستە باسی بکەین. ئەمە دەکرێت دەرفەتێکی زۆر باش بێت بۆ باشترکردنی شتەکان زۆر بەخێرایی. ڤینیسیۆس دڵتەنگە، بەڵام ئەمڕۆ ئازاری هەبوو بۆیە مەشقی نەکرد".
 
راهێنەری ریال مەدرید، زیاتر گوتی "ئەو تاوانبار نییە. ئەو قوربانییەکەیە، دەتوانرێت هەندێکجار بە تاوانبار هەژمار بکرێت کاتێک خەڵک دەڵێن سووکایەتی دەکات یان باسی خۆی دەکات. نەخێر، با روونیبکەینەوە، ڤینیسیۆس قوربانی هەموو ئەمانەیە".
 
ئەو گوتیشی "ئەگەر رەگەزپەرستی وەلانێین، کە ترسانکترین شتە، سووکایەتیکردنەکە وەک شتێکی ئاسایی دەردەکەوێت، من لەگەڵ قسەکانی چاڤیدام، ئەوە نموونەیە، بۆچی ئەو سووکایەتییە دەبێتە شتێکی ئاسایی، بۆچی لە تۆپی پێدا بووەتە نەریت؟".
 
راهێنەری مێرینگێ داوای کرد ئەم دیاردەیە بوەستێنرێت و گوتی "ئەمە دەبێت بوەستێت، پێویستە بوەستێت، ئێمە بێزاربووین لەوەی هەموو رۆژێک سووکایەتیمان پێبکرێت، ئەوە لەگەڵ چاڤیش دەکرێت، لەگەڵ ڤینیسیۆس، ئەوە رەگەزپەرستییە، زۆر شت هەیە لە پشت کورسی یەدەگەوە روودەدان. بە کوڕی سۆزانی ناوت دەبەن، ئاوات دەخوازن دایکت بمرێت، باوکت، ئەمە چییە، ئەمە شەڕ نییە، وەرزشە".
 
ئەنچیلۆتی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە "سەرکۆنەکردن بەس نییە. کەی دەستمان بەو کارە کرد؟ ئێمە ماوەیەکی زۆرە سەرکۆنەی رەگەزپەرستی دەکەین. بەڵام دوای ئەوە، مرۆڤ پێویستی بە کردارە. کەس کارناکات بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە. ئەوە کێشەی رەگەزپەرستییە و کێشەی سووکایەتیکردنە. لە هەندێک وڵات سووکایەتیت پێناکرێت، لە ئینگلتەرا سووکایەتیت پێ ناکەن".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانە ئیسپانییەکە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداری نەکردنی ڤینیسیۆس لە مەشقەکانی ئەمڕۆدا؟ گوتی "ڤینیسیۆس عاشقی یانەی ریال مەدریدە، ئەو ئەم یانەیەی خۆشدەوێت، ئەو شەڕ بۆ ئەم یانەیە دەکات، زۆر باش دەزانێت کە داهاتووی لێرەیە".