سێ یانەی ئینگلتەرا داوای نەیمار دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

داهاتووی نەیمار داسیلڤا، لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دیارنییە و چەند یانەیەکی ئینگلیزیش بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لەسەر هێڵن.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد ئینگلیزی لەسەر داوای ئێریک تێن هاگی راهێنەری یانەکە، گفتوگۆکانی مانچێستەر یونایتد و پاریس سانجێرمان لەسەر گواستنەوەی نەیمار بەردەوامن.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "مانچێستەر یونایتد دەیەوێت لە رێگەی کاسیمێرۆیەوە متمانە بە نەیمار بکات رووبکاتە یانەکە بۆ ئەوەی هاوکاریی یانەکە بکات لە پڕۆژە نوێیەکەی یانەکەدا."
 
نەیمار دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ لە دەرەوەی فەرەنسا تاقیبکاتەوە و لە پاریس سانجێرمان بڕوات، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لەلایەن هاندەرانەوە هێرشی کرایە سەر یاریزانەکە و لەبەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە.
 
جگە لە یانەی مانچێستەر یونایتد چەند یانەیەکی دیکەش بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەسەر هێڵن، چێڵسی و نیوکاسل رکابەری لەسەر گواستنەوەی دەکەن، بەتایبەت نیوکاسل دوای ئەوەی گەیشتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، پێویستیی بە یاریزانی باشتر هەیە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکات.
 
نەیمار و کاسیمێرۆ پەیوەندییەکی زۆرباشیان بەیەکەوە هەیە و مان یونایتد دەیەوێت سوود لەو پەیوەندییە وەربگرێت، بۆ ئەوەی نەی رازی ببێت رووبکاتە ئۆڵدترافۆرد.