چاڤی: ئەگەر ئازان بڕۆن رەگەزپەرستی دژی کرێکارێک بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمشەو یانەی بارسێلۆنا لە یارییەکی دیکەی خولی یانەکانی ئیسپانیا دەبێتە میوانی یانەی ڤیادۆلید، بەر لە یارییەکە پرسیاری ئەوە لە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسا کرا، کە بۆچوونی چییە سەبارەت بە دیاردەی رەگەزپەرستی لە یاریگەکانی ئیسپانیا دژی ڤینیسۆس، ئەویش بە تووندی دژی ئەو بابەتە وەستایەوە. 
 
چاڤی هێرنادێزی راهێنەری بارسێلۆنا بەر لە یارییەکە باسی رووداوەکانی رەگەزپەرستی دژی ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی کرد و گوتی: ئەوەی لە بەرامبەر ڤینیسیۆس روویدا کارێکی قێزەون بوو، من تاوەکو ئێستا کاردانەوەی یانەی ڤالێنسیام بەرچاو نەکەوتووە، دەبێت بۆ هەمیشە دیاردەی رەگەزپەرستی لە ریشەوە هەڵبکێشرێت. 
 
چآڤی گوتیشی: ئەگەر رەگەزپەرستی هەبێت، پێویستە یارییەکە رابگیرێت، لە تۆپی پێدا قسەی نەشیاو و جێودان جار جارە قبووڵ دەکرێت ئەمە تاکە وەرزشە کە رووداوی لەم شێوەیەی تێدا دەبینین، بەڵام بەداخەوە تەنیا لە تۆپی پێدا ئەم بابەتە هەیە لە هیچ وەرزشێکی دیکەدا ئەمە بەرچآو ناکەوێ. 
 
راهێنەرەکەی بارسا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دوا و گوتی: کاتێک رەگەزپەرستی دەستپێدەکات، یاریکردن کۆتاییدێت، پێویستە بچینەوە ماڵەوە، پێموایە ئەمە نامەیەکە بۆ سەرۆکی خولی ئیسپانی و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، دەبێت هەموومان دژی ئەمە بووەستین، دەبێت بیر بکەینەوە بۆچی دەبێت بەسەر سووکایەتییەکاندا سەربکەوین؟ مامۆستا قبووڵی ناکات بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، من ئاڵنگاریت دەکەم بڕۆ لەگەڵ کرێکارێکدا رەگەزپەرستی بکە، یەکسەر خشتێک دەکێشێت بە سەرتدا، بۆیە دەبێت پێکەوە دژی رەگەزپەرستی بووەستینەوە، کە ئەمە روویدا دەبێت یاریکردن رابگرن، لەو کاتەشدا کە رەگەزپەرستی هەیە دەبێت یارییە دوابخرێت، لەو کاتەدا ناکرێ من کارەکەم بکەم و رەگەزپەرستیش هەبێت. 

 

چاڤی بەردەوام بوو لە قسەکانی: بەداخەوە رەگەزپەرستی لە ئیسپانیادا بوونی هەیە، ئەمە جێگەی داخە و مایەی شەرمەزاری و شەرمە، لە ساڵی 2023 بابەتی لەم شێوەیە دەبینین بەڕاستی پێویستە سەرکۆنە بکرێت، ئینجا ئەوە هەر کەسێکە یان هەر تیپێکە. 

لە گەڕی 36ـی خولی یانەکانی ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا دەچێتە یاریگەی نوێڤۆ خۆسێ زوریێلا، لە کاژێر 23:00ـدا دەبێتە میوانی یانەی ڤایادۆلید. 
 
ئەم یارییە بۆ بارسێلۆنا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام بۆ ڤایادۆلید یەکلاکەرەوە و گرنگە، چونکە لە پلەی 18ـی ریزبەندییە و بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ یانەی خیتافیدا لە ناوچەی دابەزینە، بۆیە کوڕانی رۆناڵدۆی دیاردە هەموو شتێک بۆ بردنەوە دەکەن. 
 
پرسیاری گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسا لە چاڤی کرا و بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: سەبارەت بە بابەتی مێسی، ئەمە بابەتێکی هەڵواسراوە، لەسەر کۆمەڵێک شت بەندە کە ناتوانین زیاتری لەسەر بڵێین، مێسی یاریزانێکی سەرنجڕاێكش و گەورەیە، هاوڕێیەکی دێرینی منە، بابزانین چی دەگوازەرێت، کۆمەڵێك رەهەند هەن کە قسەیان لەسەر دەکەین سەبارەت بە مێسی.
 
لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا هەریەکە لە رۆناڵد ئاراوخۆ، پێدری و ژول کوندێ بۆ یارییەکەی ئەمشەو دوورخراونەتەوە. 
 
بارسێلۆنا ئەم وەرزە بۆ جاری 27ـمین بووە پاڵەوانی لالیگا، ئێستا خاوەنی 85 خاڵە و 13 خاڵ لەپێش یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەمەوەیە.