بۆرووسیا دۆرتمۆند: ماریۆ گۆتزێ لە یانەکەمان دەڕوات

 

یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند رایگەیاند: "ماریۆ گۆتزێ لە هاوینی داهاتوو ریزی یانەکەمان بەجێدەهێڵێت، هەریەکە لە یانەکانی "میلان، لازیۆ و رۆما" ئەو یانانەن کە گرنگی بە تواناکانی هێرشبەرە ئەڵمانییەکە دەدەن".

گۆتزە لە مانگی داهاتوو تەمەنی دەبێتە 28 ساڵ و کۆتایی ئەم وەرزە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ دۆرتمۆند کۆتایی دێت، یانەکە ئامادە نییە گرێبەستەکەی بۆ نوێبکاتەوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا مایکل زۆرگ، بەڕێوبەری گشتیی بۆروووسیا دۆرتمۆند  گوتی: "دوای بیروڕاگۆڕینەوە لەنێوان هەردوولا، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بە رەزامەندی هەردوولا کۆتایی بە ماوەی مانەوەی گۆتزێ لە یانەکەمان بێنین، بێگومان گۆتزێ مرۆڤێکی زۆر باش و سەنگینە".

هاوینی داهاتوو گۆتزێ ئازادە بۆ هەر یانەیەک بییەوێ پەیوەندیی پێوە بکات، هەریەکە لە یانەکانی ئەیسی میلان، رۆما و لازیۆی ئیتاڵی لە هەوڵدان ئەستێرە ئەڵمانییەکە رازیی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا یاریزانی ناوبراو هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە وێستگەی داهاتووی یاریکردنی نەداوە، بەڵام نزیکترین ئەگەر وەکو رۆژنامەکانی ئیتاڵیا باسی دەکەن سێریا ئەی ئیتاڵییە.