لێدوانی سەرۆکی دەستەی لالیگا لەسەر دەستپێکردنەوەی خولەکە

رووداو - هەولێر

خاڤێر تیباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا دڵخۆشی خۆی بەرامبەر بڕیاری حکومەتی ئیسپانیا بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا پێشاندا.

پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بڕیاریدا، یارییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا لە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوودا دەستپێبکەنەوە، کە لە ئاداری رابردووە بەهۆی کۆرۆناوە راگیراون.

خاڤێر تیباس لە توویتێکدا نووسیوویەتی، زۆر دڵخۆشین بەم بڕیارە، ئەمە ئەنجامی کارکردنی باشی نێوان، یانە، یاریزانان و راهێنەرەکانە.

سەرۆکی دەستەی لالیگا دەڵێت، ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی و دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکان هەمووان، رۆڵی گەورەیان هەبووە لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام دەبێت هۆشیاربین بۆ ئەوەی ئەم پەتایە تێپەرێنین.

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، سبەی کۆبوونەوەیەک دەکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی خولەکە و شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکان بدرێت، کە بەپێی ئامادەبوونی یانە و یاریزانەکان کاتی دەستپێکردنەوەی یارییەکان لەنێوان 12 و 19ـی حوزەیران دیاریدەکرێت.