تانەی ئەو یانانەی دژی هەڵوەشاندنەوەی لیگ وەن بوون رەتکرایەوە

23-05-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی فەرەنسا
A+ A-


رووداو - هەولێر

بەشێوەیەکی فەرمی دادگای فەرەنسا، سکاڵای یانەکانی لیۆن، ئامیان و تولۆزی بۆ تانەلێدان لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی فەرەنسا رەتکردەوە.

بەرپرسانی خولی فەرەنسا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڕیارییاندا یارییەکانی خولی وڵاتەکەیان هەڵبوەشێننەوە و پاریس سانجێرمانیش وەک پاڵەوانی خولەکە دیاریکرا.

ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووە، بەرپرسانی یانەی لیۆن نیگەرانی خۆیان پێشاندا بەوەی کە ئەوان هێشتا هیوایان بەوە هەبوو بگەنە یەکێک لە پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا، هەردوو یانەی ئامیان و تولۆزیش کە بۆ خولی پلە دوو دابەزین، بەو بڕیارە ناڕازیبوون و داوای پێداچوونەوەیان کرد.



ئەمڕۆ دادگای فەرەنسا وەڵامی سکاڵای ئەو سێ یانەیەی دایەوە و تانەکەیان رەتکردەوە، بەرپرسانی خولەکەش لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەڵێن، ئەوان دڵخۆشن بەوەی کە دادگا تانەی ئەو یانانەی رەتکردووەتەوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولەکەی پەسەندکردووە.

خولی فەرەنسا دوای خولی هۆڵەندا بووە دووەم خول لەسەر ئاستی ئەوروپا، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشێندرایەوە، بڕیارەکەش لەکاتێکدا درا کە بەرپرسانی فەرەنسا رێکارەکانی خۆپارێزیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا درێژکردەوە و رەتیانکردەوە، تاوەکو مانگی ئەیلوول رێگە بە هیچ چالاکییەک وەرزشی بدەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە