بەفەرمی یانەی ئارسیناڵ گرێبەستی ئیمری راگەیاند


رووداو - هەولێر

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئونای ئیمری، راهێنەری ئیسپانی راگەیاند.

یانە لەندەنییەکە لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی گرێبەستەکەی راگەیاندووە و بەخێرهاتنی ئەو راهێنەرە دەکات بۆ ریزەکانی یانەکەیان و وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی تۆپچییەکانی لەندەن.



دوای راگەیاندنی گرێبەستەکە ئیڤان گایدز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ئارسیناڵ گوتی، ئونای ئیمری، یەکێک لەو راهێنەرە گەنجانەیە کە پێشکەوتنی زۆری لەسەر ئاستی ئەوروپا بەخۆیەوە بینیووە و شێوازی کارکردنی لەگەڵ ئارسیناڵ زۆر گونجاو دەبێت، بەهۆی ئەو شێوازەی کە لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە لەگەڵ یاریزانان بەکاریدەهێنێت.

ئونای ئیمری دوای دوورخستنەوەی لە راهێنەرایەتی پاریس سانجێرمان جێگەی ئارسێن ڤینگەر دەگرێتەوە، کە دوای 22 ساڵ دەستبەرداری راهێنەرایەتی ئارسیناڵ بوو.