عەین توانی هیلال دووربخاتەوە و بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ سەربکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی عەین توانی یانەی هیلال لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا دووربخاتەوە و بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەربکەوێت.
لە میانی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەی هیلال میوانداری عەینی کرد، کە یاریی چوونی نێوانیان بە ئەنجامی 4-2 لە بەرژەوەندی عەین کۆتایی هاتبوو.
هەر لە سەرەتای یارییەکەوە، هیلال بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە خولەکی چوار، روبن نێڤێس لە رێگەی لێدانێکی سزاوە گۆڵی یەکەمی خانەخوێی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
خۆشحاڵی یاریزانانی هیلال زۆری نەخایاند، لە خولەکی 12ـی یارییەکەدا، ئێریک توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ عەین تۆماربکات و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، هیلال هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی عەین دەستپێکردەوە و لە خولەکی 51، سالم دۆسەری توانی گۆڵی دووەم و پێشکەوتنی هیلال لە یارییەکەدا تۆماربکات.
یاریزانانی هیلال لە درووستکردنی هەلی گۆڵتۆمارکردن بەردەوامبوون، بەڵام نەیانتوانی جارێکی دیکە تۆڕی عەین بهەژێننەوە و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی هیلال کۆتایی هات، بەڵام بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەردوو یاریی نێوانیان، یانەی عەین بە ئەنجامی 5-4 سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا و هیلال ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
سبەی چوارشەممە، 24-4-2024، لە یارییەکی دیکەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەی یۆکۆهاما ئێف ئێمی کۆری میوانداری ئولسانی ژاپۆنی دەکات، کە یاریی چوونی نێوانیان بە بردنەوەی یانە ژاپۆنییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هاتبوو. یانەی سەرکەوتوو لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا دەچێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و لەو قۆناخەدا بەرامبەر یانەی عەین یاری دەکات.