رووداو دیجیتاڵ
شیرین عەبدلوەهاب، گۆرانیبێژی بەنێوبانگی میسری سەرسامی خۆی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی پێشاندا و دەڵێت "کریستیانۆ خاڵی لاوازی منە."
شیرین لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پیاوی خەونەکانمە، ئەو خاڵی لاوازی منە، دەمەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی وەکو ئەو بکەم، بەڵام لە کوێ دەیبینمەوە؟.
ئەمە جاری یەکەم نییە، گۆرانیبێژە میسرییەکە سەرسامی خۆی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێشاندەدات، پێشتر لە مانگی ئایاری رابردوو رایگەیاندبوو، لەلایەن پزیشکی تایبەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە چارەسەری فیزیایی وەرگرتووە کاتێک لە یەکێک لە کۆنسێرتەکانیدا بەربووەوە.
شیرین عەبدلوەهاب، یەکێکە لە گۆرانیبێژە بەنێوبانگەکان لەسەر ئاستی عەرەبی و میسر، ئەو ئێستا خۆی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومە نوێیەکەی ئامادەدەکات، کە چاوەڕواندەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڵاویبکاتەوە، جگە لەوەش کار بۆ تۆمارکردنی فیلمێک دەکات لەبارەی کاروانی هونەری و ژیانی رۆژانە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە یەکێک لە پێگە ئەلیکترۆنییەکاندا بڵاوبکاتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یەکێکە لەو ئەستێرە بەنێوبانگانەی لەسەر ئاستی دونیا ژمارەیەکی زۆری هاندەری هەیە و بەشێکی زۆری خانمە گۆرانیبێژ، ئەکتەر و نمایشکارەکانی عەرەب سەرسامن بە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، لە ماوەی رابردوودا لە یەکێک لە بۆنەکاندا رۆناڵدۆ و جۆرجینای خۆشەویستی لەگەڵ نانسی عەجرەم دەرکەوتن و بەیەکەوە وێنەیان گرت.
پێشتر لە 2022 نمایشکارێکی تونسی بەناوی حەنان عەش، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە 2018 چەندجارێک لە رێگەی واتس ئاپەوە نامەی بۆ ناردووم، بەڵام پشتگوێم خستووە و وەڵامم نەداوەتەوە.
ئەو نمایشکارە دەڵێت "سەرەتا رۆناڵدۆ لە ئینستاگرام سەرسامی خۆی بە من پێشانداوە، دوای ئەوەی وەڵامم نەدایەوە ژمارەی تەلەفۆنەکەمی لە هاوڕێیەکی وەرگرتووە، دوای ئەوەش پەیوەندیی پێوەکردووم، بەڵام پشتگوێم خستووە."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی لەگەڵ یانەکە خۆی بۆ یاریی داهاتوویان لە خولی سعودیە ئامادەدەکات، کە رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی خەلیج یاریی دەکەن.
رۆناڵدۆ لەم وەرزەی خولی سعودیدا، 29 گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ