ئینتەرمیلان بە بردنەوەی دێربیی میلانۆ بووە پاڵەوانی ئیتاڵیا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئینتەرمیلان، پێنچ گەڕ پێش تەواوبوونی وەرزەکە، نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی یاریی دێربیی میلانۆی لە رکابەرە هەمیشەییەکەی، ئەی سی میلان بردەوە.
 
لە گەڕی 33ـی خولی ئیتاڵیادا، یاریگەی سان سیرۆ بووە گۆڕەپانی بەڕێوەچوونی دێربیی میلانۆ، کە لە یارییەکی تووند و تیژ و پڕ لە کارتی رەنگاوڕەنگدا، ئینتەرمیلان 2-1 لە میلانی بردەوە و بەفەرمی و پێشوەختە بووە پاڵەوانی سێریا ئەی، کە ئەمە بیستەمین جارە لە مێژووی خۆیدا دەبێتە پاڵەوانی خولی ئیتاڵیا.
 
نیراتزۆری دەستپێشخەربوو لە تۆمارکردنی گۆڵ، کاتێک فرانچیسکۆ ئاچێربی لە خولەکی 18 بەسەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئینتەرمیلان تۆمارکرد.
 
نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی کوڕانی سیمۆنی ئینزاگی بە تاکە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات و لە نیوەی دووەمدا دیسان خۆیان دەستپێشخەربوون، کە دوای تێپەڕبوونی تەنیا 4 خولەک، لەلایەن مارکۆس تورامەوە گۆڵی دووەم تۆمارکرا.
 
میلان دوای ئەوە گۆڵە زۆر هەوڵیدا بگاتە گۆڵی ئینتەر و لە خولەکی 80ـدا فیکایۆ تۆمۆری گۆڵێکی بۆ میلان تۆمارکرد.
 
لە دواخولەکەکاندا یارییەکە بە ئاراستەی تووندوتیژدا رۆیشت و لە کاتی زیادکراودا ناوبژیوان 3 کارتی سووری بە رووی یاریزانانی هەردوو یانەدا بەرزکردەوە، دووانیان لە میلان، تیۆ هێرناندێز و داڤید کالابریا، یەکێکیشیان بۆ دێنزل دومفرێسی یاریزانی ئینتەرمیلان بوو.
 
کوڕانی ستیفانۆ پیۆلی نەیانتوانی گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکەن و ئینتەر یارییەکەی 2-1 بردەوە، کە بەم سەرکەوتنە ئینتەرمیلان ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 86 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە و 17 خاڵ لە میلانی پلە دووەوە دوورە، واتا 5 گەڕ پێش کۆتاییهاتنی رکابەرییەکان نازناوەکەی بردەوە.