بۆ رازیکردنی مێسی، سانجێرمان کارێکی ناوازە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی پاریس سانجێرمان، سوورە لەسەر هێشتنەوەی لیۆنێل مێسی لە ریزەکانیدا. بۆ رازیکردنی لیۆ بەمانەوە، پەنا بۆ هەموو بژاردەیەک دەبات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، سانجێرمان لەپێناو ئەوەی کە مێسی رازی بێت لەگەڵ یانەکەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئامادەیە راهێنەرەکەی دووربخاتەوە و جێگرەوەکەشی بەدڵی مێسی بێت.
 
گرێبەستی مێسی لەگەڵ سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.. رەزامەندبوونی هەردوولا دەکرێ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە لێبکەوێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوی کردەنی بۆ ئەو کارە لە ئارادا نییە. لە کاتێکدا میدیای کەتەلۆنیا سوورن لەسەرئەوەی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا زۆر نزیکە و بەرپرسانی بارساش بەئاشکرا باسیان لە هەوڵەکانی خۆیان کردووە، بۆ گێڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا.
 
میدیای فەرەنسا دەڵێن، مێسی لە ئاست و توانا و شێوازی کارکردنی کریستۆف گالتێی راهێنەر رازی نییە، هەر بۆیە کارگێڕیی یانە پاریسییەکە ئامادەیە لە کۆتایی وەرزەکەدا ئەو راهێنەرە لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
 
میدیاکان دەڵێن، بۆ رازیکردنی مێسی و دەستنیشانکردنی راهێنەرێک کە ئەو یاریزانە بە کارکردن لەگەڵیدا دڵخۆش بێت، سانجێرمان بیر لەوە دەکاتەوە زینەدین زیدان بکاتە راهێنەری تیپەکە و هەوڵبدات هەرچۆنێک بێت بە مەشقدانی سانجێرمان رازی بکات، تاوەکو وەرزی داهاتوو، زیدان راهێنەری مێسی، ئێمباپێ و نەیمار بێت.