ڤیدیۆ؛ ریال بێتیس و ڤالێنسیا یاریی کۆتایی کۆپا دێل رێی ئەنجام دەدەن

23-04-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال بێتیس - ڤالێنسیا 23:00
ریال بێتیس - ڤالێنسیا 23:00
نیشانەکردن ریال بێتیس ڤالێنسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە یۆرۆپالیگ چووە دەرەوە، وردە وردە لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دووردەکەوێتەوە، هەموو خەونەکەی بردنەوەی نازناوێکە کە ئەمشەو رکابەریی لەسەرە دەکات، ئەمە یانەی ریال بێتیسە، لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا.
 
بێتیس لە یاریی کۆتایی کۆپا دێل رێی بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یارییدەکات، یانەکە 17 ساڵە نازناوەکەی نەبردووەتەوە و دەیەوێت بۆ جاری سێیەم ببێتە پاڵەوان، لەکاتێکدا لەم وەرزەدا یەکێک لە یانە بەهێزەکانی لالیگا بووەوە و هەمووان چاوەڕێن یاریزانەکانی مانوێل پێلیگرینی رێگەنەدەن جامەکە لە سێڤییا بچێتە دەرەوە، بەتایبەت کە یارییەکە لە یاریگەی لاکارتوخا لە سێڤییا دەکرێت.
 
ریال بێتیس لە دوایین یارییدا لە لالیگادا بەرامبەر ڤالێنسیا بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردنەوەی تۆمارکردووە و ئاستیشی بەرزترە، ئەمە هیوای زیاتری داوەتە هاندەرانی و هەمووان ئەم یارییە بە یاریی خەوەن ناودەبەن.
 
لە بەرامبەردا یانەی ڤالێنسیا لەم وەرزەدا بە هەڵبەز و دابەزی زۆردا تێپەڕی، یانەکە هاوشێوەی وەرزەکانی رابردوو نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشانبدات و ئەنجامی بەرچاویشی نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی گەیاندووەتە یاریی کۆتایی جامەکە و نایەوێت بە ئاسانی نازناوەکەی لەدەستبچێت.
 
ڤالێنسیا دوایینجار کە نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە، لە 2019 بوو و بۆ جاری هەشتەم بووە پاڵەوان، ئەو ساڵە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا لە ریال بێتیسی بردەوە و هەنگاوی بەرەو نازناوەکە نا، ئەمشەو دەیەوێت بەبردنەوەی لەو یانەیە نازناوی نۆیەمی پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنێت.
 
پێلیگرینی لە ریال بێتیس شێوازی هێرشبەری و کۆنتڕۆڵی تۆپ پەیڕەو دەکات و خۆسێ بوردالاسیش بەرگرییەکی پتەو و هێرشی پێچەوانە، ئەمە رکابەریی نێوان هەردوولا دەباتە لووتکە و یەکلاکردنەوەی پاڵەوان قورستر دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە