سەرۆکی یانەی زاخۆ بۆ رووداو: زیانێکی زۆر بەر یاریگەی زاخۆ کەوتووە

23-04-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای یارییەکەی نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و کارەبا لە خولی نایابی عێراق، کە یانەی زاخۆ لە یارییەکەدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا و لە دوای یارییەکە گرژی دروستبوو، زیانێکی زۆر بەر یاریگەی یانەی زاخۆ کەوتووە.
 
بڵند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا بەشدار بوو و گوتی " ئەگەری سەرەکی دروستبوونی گرژییەکان خراپی ئەنجامەکانی یانەکە بووە، بەر لە یارییەکەی بەرامبەر کارەباش ئێمە چەند یارییەک بوو ئەنجامی خراپمان هەبووە، جگە لەو زیانانەش زیانی دەروونی هەن، کە رەنگە دوای ئەم ئاڵۆزیانە جارێکی دیکە ئەو ژمارە زۆرەی هاندەران نەیێنەوە بۆ یاریگە، دەنا زیانە ماددییەکان چارەسەر دەکرێن و شتێکی وا نییە."
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ دەڵێت " لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پەیژەکانی یاریگە شکێنراون، چیمەنی یاریگە زیانێکی گەورە بەرکەوتووە، کە ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی رێکخستنەوەی چیمەنی یاریگەکەین و بەپێی قسەی کارمەندانی یاریگە 30٪ بۆ 40٪ زیان بەر چیمەنی یاریگەکە کەوتووە، کە ئەمە جێگەی نیگەرانییە."
 
بڵند شەفیق زیاتر گوتی " پێشتر 150 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی زاخۆ تەرخانکرابوو، کە ئەمە تەنیا بۆ چیمەنی یاریگە نەبووە."
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " نازانین بەدیاریکراوی چەند پارەی تێدەچێت بۆ رێکخستنەوەی یاریگەکە، بەڵام لە ماوەی هەفتەیەکدا کێشەکان چارەسەر دەکەین و پەیژەکان رێکدەخەینەوە و چیمەنی یاریگەکەش کاری تێدا دەکەین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی شەهیان تەحسیندا کە یانەی زاخۆ لەوە ناترسێت کە سزابدرێت؟ سەرۆکی یانەی زاخۆ لە وەڵامدا گوتی " یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاردەدات کە هیچ سزایەک بەسەر یانەکەدا دەسەپێندرێت یان نا، بۆ ئەوەش بەبەردەوامی لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بزانین ئەگەر سزا بدرێین چ جۆرە سزایەکمان دەدرێت و تا چەند قورس دەبن."
 
راستە راهێنەری یانەکە لەژێر گوشاردا وازی لە کارەکەی هێناوە؟ بڵند شەفیق گوتی " پێش ئەم یارییە بڕیارماندابوو لە ئەگەری بەدەستهێنانی ئەنجامی خراپ بەرامبەر تەڵەبە و کارەبا رێکاری یاسایی دەگرینەبەر، راهێنەر دوای ئەوە هاتووە بۆ یانەکە و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ کارگێڕی بڕیاریدا واز لە کارەکەی بهێنێت، ماوەیەکی زۆرە هاندەران داوای دوورخستنەوەی راهێنەر دەکەن، ناڵێین هەمووان بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران لەگەڵ ئەوەبوون گۆڕانکاری لە راهێنەردا بکرێت."
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ لەبارەی دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ بۆ یانەی زاخۆ دەڵێت " لەگەڵ چەند راهێنەرێک لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت، تاوەکو رێککەوتنی کۆتایی نەکرێت ناوەکەی ئاشکرا ناکەین، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە و تەنیا گفتوگۆیە، بەڵام ئەگەر لە ماوەی ئەم دوو سێ رۆژەدا راهێنەرێکمان نەدۆزییەوە، بۆ یاریی بەرامبەر هەولێریش عەبدولوهاب ئەبولهێل تەنیا بۆ ئەو یارییە لەگەڵ یانەکە بەردەوامدەبێت."
 
دەربارەی بردنە ژوورەوەی لەیزەر لەلایەن هاندەرانەوە سەرۆکی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت " پەیامی ئێمە بۆ هاندەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان روون بوو کە لەیزەر و یاریی ئاگرین نەهێندرێتە نێو یاریگە، بەڵام بەر لەوەی پۆلیس بە ئەرکی خۆی هەستێت هەندێک لە دەرگاکان شکێنراون و ژمارەیەکی زۆر لە هاندەر بەبێ پشکنین هاتنە نێو یاریگە و ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت."
 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی یانەی زاخۆ گوتی " پەیامی ئێمە زۆر دووبارەیە بۆ هاندەرانمان، هاندەرەکان شیرێکی دوو دەمە، هەندێکجار دەبنە یاریزانی ژمارە 12 و هەندێکجاریش دەبنە هۆکاری زیان گەیاندن بە یانەکە، ئێمە هەمیشە دەمانەوێت رۆڵی ئەوان بۆ یانەی زاخۆ ئەرێنی بێت و نەبێتە هۆکاری شکاندنی ناوبانگی یانەی زاخۆ و هیوادارین ئەوانەی گرژی و ئاڵۆزی دروستدەکەن بەخۆیاندا بچنەوە و هەمیشە کارمان بۆ ئەوە کردووە کە داواکارییەکانیان جێبەجێبکەین و زۆر بڕیارمان لەسەر داوای ئەوان راگرتووە، لەوانە بە پارەکردنی یاریگە، نۆژەنکردنەوەی چیمەنی یاریگە، ئەنجامدانی یاری بە شەو، گۆڕینی راهێنەر، بۆیە دەبێت ئەوانیش بیر لەوە بکەنەوە کە نابێت خۆمان بە خۆمان ماڵی خۆمان خراپ بکەین، لەکاتێکدا 200 لە پەیژانەی شکێنران 24 کاژێر نەدەبوو دانرابوون."
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە