یوفا دەیەوێت ڤار نەهێڵێت

رووداو - هەولێر

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی فەرەنسی رایانگەیاند، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، دەیەوێ لەم وەرزەدا سیستمی ڤار هەڵوەشێنێتەوە، بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپای ناچارکرد خول و پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێ بوەستێنێت و بۆ کاتێکی نادیار دوایانبخات.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "یوفا دەیەوێ بەباشی تاوتوێی ئەو پێشنیازە بکات ئینجا بڕیار بدات ڤار لەو یارییانەی لەم وەرزەدا ماون نەهێڵێت".

سەبارەت بە هۆکاری نەهێشتنی ڤاریش. سەرچاوەکان دەڵێن "ژووری ڤار بچووکە و کۆمەڵێک ناوبژیوان تێیدا کۆدەبنەوە، کە مەودای نێوانیان کەمە و لەوانەیە ببێتە هۆکاری بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان لە هەر شوێنێکدا پێویستە بەلای کەمەوە مەودای نێوان دوو کەس دوو مەتر بێت".

ئەو پرسە بڕیارە لە کۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپادا تاوتوێ بکرێت، بەر لەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە بدرێت.