بێکهام سوپرایزێکی جوانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەیە

رووداو- هەولێر

لە دەستپێشخەرییەکی جواندا بەمەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەیڤد بێکهامی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلتەرا و سەرۆکی یانەی ئینتەر میامی، بەنیازە لە یاریگەی یانەکەی یارییەکی نماییشی رێکبخات، کە 5 هاندەر ئەوانەی ئامادەن زۆرترین پارە بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی کۆرۆنا بدەن، رووبەڕووی خۆی و 4 لە هاوڕێکانی ببنەوە.

بێکهام دەڵێت "ئەوانەی زۆرترین پارە دەدەن لە نیوەڕوخوانێکدا میوانداریان دەکەم و دەتوانن ئامادەی یارییەکی ئینتەر میامیش ببن". 

بێکهام لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بیرۆکەی هەڵمەتەکەی رووندەکاتەوەو دەڵێت "سڵاو لە هەمووتان، من دەیڤدم، دەمەوێ پێتانبڵێم من لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم بەشداری لە هەڵمەتێکی باوەڕپێنەکراودا دەکەم، بەشداری بە هەمووان دەکەم بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی پێویست بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

دەیڤد لە درێژەی قسەکانیدا هەروەها دەڵێت "زۆر خێزان بەهۆی کاریگەرییەکانی کۆرۆناوە پێویستیان بە پارەیە بۆ دابینکردنی خۆراک، دەمانەوێ پشتگیری هەندێک رێکخراوی خێرخوازی بکەین، کە رۆژانە کاری زۆر جوان دەکەن لە یارمەتیدانی هەژاران".

هەروەها دەشڵێت "هەلێکت پێدەدەین بەشداری لەو هەڵمەتە جوانەدا بکەی، تۆ و چوار لە هاوڕێکانت ئەگەر زۆرترین پارە بدەن لەسەر یاریگەی ئینتەر میامی یارییەک لەگەڵ من و چوار لە هاوڕێکانم دەکەن، دوای یارییەکەش نانێک پێکەوە دەخۆین، هەروەها دەتوانی سەردانێک بەنێو یاریگەکەماندا بکەی و بەشە جیاوازەکانی بەسەربکەیەوە، دڵنیام رۆژیکی جوان دەبێت".