سەرۆکی ریال مەدرید ئەستێرەکانی دەردەکات

23-04-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز ریال مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە مەدرید ئاشکرایانکرد، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەیەوێ لەم هاوینەدا شۆڕشێک لە یانەکەی بەرپا بکات و کۆمەڵێک لە یاریزانەکانی بفرۆشێت.

وەک ئەو سەرچاوانە ئاماژەی بۆ دەکەن، پێرێز وەک هەمیشە حەزناکات یاریزانە بە تەمەنەکان لە یانەکەی بمێننەوە و دەڵێن "سەرۆکی ریال مەدرید بایەخ بە ناوی یاریزانەکان نادات، هەرکاتێ هەستی بەوەکرد کە چیدی سوود لە یاریزانێک ناکات، بەبێ دوودڵی دەیفرۆشێت، تەنانەت ئەگەر ئەستێرەش بێت، وەک ئەوەی بەرامبەر رائوول گۆنزالێس کردی و دواتریش لەگەڵ ئیکێر کاسیاس دووبارەی کردەوە".

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "پێرێز 9 ناوی دیاریکردووە و لە هاویندا دەستبەرداریان دەبێت، کە هەندێکیان ئەستێرەن". 

بەپێی ئەو سەرچاوانە یەکێک لەو یاریزانانە مارسێلۆی بەرگریکاری بەرازیلییە، کە لە وەرزی رابردووە یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی داوای گرێبەستی لێدەکات. دووەمیشیان لوکا مۆدریچی یاریزانی کرواتییە، کە سەرەڕای ئەوەی لە 2018 باشترین یاریزانی جیهان بوو، بەڵام پێرێز پێیوایە تەمەنی ئەو یاریزانە گەورە بووە و پێویستە بڕوات.

لوکاس ڤاسکێز و خامیس رۆدریگزیش دوو یاریزانی دیکەن، کە پێرێز نایەوێت لە یانەکەی بمێننەوە، بەتایبەتیش خامێس کە لەگەڵ زینەدین زیدانی راهێنەر ناکۆکە.

سەرچاوەکان دەڵێن "سەرۆکی ریال مەدرید جارێکی دیکە هەوڵدەدات لە گاریس بەیڵی ئەستێرەی وێڵزی رزگاری بێت، سەرەڕای ئەوەی ئەو یاریزانە نایەوێت لە ریال مەدرید بڕوات".

قەسابخانەکەی پێرێز بێجگە لە یاریزانە بەتەمەنەکان، یاریزانانی گەنجیش دەگرێتەوە، لەوانەش لوکا یۆڤیچی هێرشبەر و براهیم دیاز، هەروەها ئیدێر میلیتاوی بەرگریکاری بەرازیلیش نەیتوانیوە وا لە پێرێز بکات کە لە یانەکەیدا بهێڵێتەوە. سەرۆکی ریال مەدرید نایەوێت ئەدریازۆلای بەرگریکاریش بگەڕێتەوە ریزەکانی تیپەکەی زیدان، کە بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە