دەستەی لالیگا دڵنیایی دەداتە یانەکان بۆ دەستپێکردنەوەی مەشقەکانیان

23-04-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لالیگا
A+ A-

رووداو - هەولێر

دەستەی خولی ئیسپانیا، کاتی گەڕانەوی یانەکانی لالیگا بۆ دەستکردنەوە بە مەشقەکانیان دیاریکرد، بەڵام زۆر لە یانە و یاریزانەکان ترسیان لەوە هەیە ئەو هەنگاوە هۆکارێک بێت بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دوای وەستانێکی زۆری لالیگا بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەستەی لالیگا دەیەوێ لە یەکەم هەنگاودا بۆ دەستپێکردنەوەی خولەکە، یانەکان لە هەفتەی دووەمی مانگی داهاتوودا دەست بە مەشقەکانیان بکەنەوە، بەڵام ئەو یانانە، لەسەرووشیانەوە بارسێلۆنا و ریال مەدرید هێشتا ترسیان هەیە و رازی نین ئەو هەنگاوە بهاوێژن.

دەستەی لالیگا بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسی و دوودڵییەی یانەکان، رایگەیاند "هەموو یانە و یاریزانەکان دڵنیادەکەینەوە کە پرۆتۆکۆلێک پەیڕەو دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی هەموو لایەک".

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، دەستەی لالیگا لەگەڵ پزیشکی یانەکانی ئیسپانیا کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی وردەکاری ئەو پرۆتۆکۆلەیان بۆ روون بکاتەوە، کە بەنیازە لە کاتی گەڕانەوەی یانەکان بۆ مەشقەکانیان پەیڕەو بکات.

ئەو سەرچاوانە، دەڵێن "دەستەی لالیگا بە پزیشکی یانەکانی راگەیاندووە کە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی پسپۆر لە تاقیکردنەوەکانی بواری ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە، لە 28 ئەم مانگەوە دەست بە پشکنینی یاریزانەکان دەکات و سەلامەتی هەموو لایەک پارێزراو دەبێت".

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یانەکانی لالیگا دوای دوو هەفتە دەست بە مەشقەکانیان دەکەنەوە، بەڵام خولەکە تاوەکو مانگی حوزەیران دەستپێناکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە