دەسەڵاتەکانی تێن هاگ لە مانچێستەر یونایتد کەمدەکرێنەوە

23-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی مانچێستەر یونایتد ئێریک تێن هاگ جیم راتکلیف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، جیم راتکلیف، پشکداری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد، دەیەوێت دەسەڵاتەکانی ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکە کەمبکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی کارگێڕیی فراوان لە یانەکەدا.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، راتکلیف دەیەوێت راهێنەری یانەکە، تێن هاگ بێت یان هەر راهێنەرێکی دیکە، دەسەڵاتەکانی تەنیا لە چوارچێوەی تیپەکەدا بێت لە نێو یاریگەدا و فۆکەسی تەنیا لەسەر ئەوەبێت باشترین  تیپ و باشترین ستایل بۆ یانەکە بدۆزێتەوە، بەو یاریزانانەی لەبەردەستیدا دەبن.
 
سەرچاوەکان گوتوویانە، یەکەم کار لەو چوارچێوەی گۆڕانکارییانەدا، ئەوەیە کە ناوی راهێنەری یانەکە لە وەرزی داهاتووەوە دەبێتە گەورەی راهێنەران، لەبری بەڕێوەبەری تەکنیکی لە یانەکە.
 
تێن هاگ، بەو دەسەڵاتانەوەی ئێستا لە یانەکەدا هەیەتی، کاریگەریی گەورەی لەسەر زۆر بڕیاری پەیوەست بەیانەکەوە هەیە، بەڵام راتکلیف ئەوەی بەدڵ نییە و دەیەوێت دەسەڵاتەکانی راهێنەر لە دەرەوەی یاریگە، بەسەر کەسانی دیکەدا دابەشبکات.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، دەسەڵاتەکانی ئێستای راهێنەری یانەکە، دەدرێنە کەسانی دیکە، لەوانەش دان ئاشوورت، بەڕێوەبەری وەرزشیی داهاتووی یانەکە و عومەر برادە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە، کە راتکلیف خۆی ئەو پۆستانەیان دەداتێ و دەیەوێت پێکەوە بڕیارەکانی پەیوەستە بەتیپەکە دەربکەن.
 
راتکلیف لە ماوەی رابردوودا بووە خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی مانچێستەر یونایتد و دۆسێی سەرپەرشتیی تۆپی پێی لە یانەکە وەرگرت و بڕیاریداوە گۆڕانکاریی گەورە لە یانەکەدا بکات.
 
راتکلیف پێشتر بۆچوونی خۆی لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکەوە ئاشکراکردبوو، گوتبووی دەیەوێت یانەکەی ببێتە خاوەنی ستایلی تایبەتی یارییکردنی خۆی و راهێنەر تەنیا ئەو ستایلە جێبەجێ بکات کە کارگێڕیی یانەکە بۆی دادەنێت.
 
بەو دەسەڵاتەوەی ئێستا تێن هاگ لە یانەکەدا هەیەتی، ئەو راهێنەرە رۆڵی گەورەی لە دەستنیشانکردنی ئەو یاریزانانەدا هەیە کە پێیوایە لە تیپەکەیدا پشتیان پێببەستێت.
 
تێن هاگ لە دوو ساڵی کارکردنی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، رۆڵی هەبوو لە هێنانی چەندین یاریزان بۆ تیپەکە، لەوانەش ئانتۆنی، ئاندرێ ئۆنانا، کاسیمیرۆ و مەیسن ماونت.
 
پشکدارە نوێیەکەی مانچێستەر یونایتد، دەیەوێت یانەکە بکاتەوە بەیەکێک لە تیپە گەورەکانی ئەوروپا و بۆ ئەوەش بڕیاریداوە بڕە پارەیەکی باش کە زیاتر لە 300 ملیۆن پاوەندە لە گەشەپێدانی ژێرخانی یانەکە و یاریگەکەیدا خەرج بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە