ڤیدیۆ؛ کەس ڤێرستاپنی پێ راناگیرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ هەر شوێنێک دەچێت، بەربژێری یەکەمە بۆ بردنەوەی نازناوەکان، سەرەتاییەک لە هەر کوێ بێت، کۆتاییەکەی لەسەر ستەیجی بوون بە پاڵەوانە، ئەوە ماکس ڤێرستاپن، شۆفێری تیمی رێدبوڵە.
 
ڤێرستاپن، شوفێری تیمی رێدبوڵ لە ئوسترالیا بەشداریی لە رکابەرییەکانی فۆرمولا وەندا دەکات و پێشەنگی بەشدارەکانی پێشبڕکێیەکە بوو بۆ چوونە نێو رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش، کە رۆژی یەکشەممە رکابەرییەکانی قۆناخی ئوسترالیا دەستپێدەکات.
 
پێشبڕکێیەکە بۆ پاڵاوتنی شوفێرە بەشدارەکان دەستیپێکرد، ماکس لەگەڵ لویس هامیلتۆنی بەریتانی، کارلۆس ساینزی ئیسپانی و چەندین ئەستێرەی دیکەی دونیای پێشبڕکێ بەشدارن.
 
دەنگی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان مێلبۆرنی پڕکردووە و هاندەران چاوەڕێن بزانن کێ پێش هەمووان رکابەرییەکە تەواو دەکات و وەکو براوە و پێشەنگ دەگاتە خاڵی کۆتایی بۆ چوونە نێو پاڵەوانێتییەکە.
 
ڤێرستاپنی پاڵەوانی جیهان، شوفێرە بەنێوبانگە بەلجیکییە هۆڵەندییەکە لە پاڵاوتنەکان بووە پێشەنگی هەمووان، سەرەڕای ئەوەی کێشەی کەمی بۆ دروستبوو، بەڵام سوڕانەوەی سەرسوڕهێنەری هەبوو کاتێک لە پانکی ئەلبێرت پارکدا خولەکێک و 15.915 چرکەی تۆمارکرد و بە جیاوازیی 0.27 چرکە پێش کارلۆس ساینزی ئیسپانی کەوت.
 
ساینز لەکاتێکدا بەشداریی لە رکابەرییەکەدا کرد، لەکاتێکدا دوو هەفتە لەمەوبەر نەشتەرگەریی ریخۆلە کوێرەی بۆ کراوە.
 
پلەی سێیەمی ئەم رکابەرییە بۆ سێرجیۆ پێرێزی مەکسیکی بوو.
 
ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنج بوو، خراپ دەرکەوتنی لویس هامیلتۆنی خاوەنی 7 نازناوی جیهان بوو، کاتێک لە پلەی نۆیەم هات.
 
رکابەرییەکانی فۆرمولا وەن لە ئوسترالیا رۆژی یەکشەممە دەستپێدەکەن، بەشدارانی پێشبڕکێیەکە 58 فڕە لێدەدەن و مەوداکەی 306.124 کیلۆمەترە.
 
ماکس ڤێرستاپن خاوەنی نازناوی هەردوو گەڕی سعودیە و بەحرەینە و دەیەوێت لە ئوسترالیاش پلەی یەکەم هەر بۆ خۆی بێت.