ماکرۆن جارێکی دیکە گوشار دەخاتەوە سەر ئێمباپێ

رووداو دیجیتاڵ

 

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جارێکی دیکە گوشار دەخاتەوە سەر کیلیان ئێمباپێ بۆ ئەوەی لە هاویندا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەشداری لە ئۆڵیمپیادی پاریس 2024 بکات.
 
سەرۆکی فەرەنسا ساڵی 2022 رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە رێگەگرتن لە چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید و واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان تاوەکو هاوینی 2024، ئێستاش دەیەوێت رۆڵی خۆی ببینێتەوە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بە درێسی فەرەنساوە بەشداری لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا بکات.
 
بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان، ئێمباپێ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە دەکات، بەڵام مشتومڕ لەسەر بەشداریکردنی ئەو یاریزانە لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی 2024 لە پاریس هەیە، چونکە ریال مەدرید بەفەرمی رایگەیاندووە کە رێگە بە هیچ یاریزانێکی نادات بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات و مافی ئەوەیشی هەیە، بەو پێیەی ئۆڵیمپیاد هیچ پەیوەندییەکی بە فیفاوە نییە.
 
پێشتر ئێمباپێ خواستی خۆی بۆ بەشداریکردن لە ئۆڵیمپیاد دەربڕیبوو، تێری هێنری راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی فەرەنساش رایگەیاندبوو کە دەستبەرداری بوونی ئێمباپێ لە پێکهاتەکەیاندا نابن.
 
بەگوتەی رۆژنامەڤان ماتیۆ مۆرێتۆ، کە لە ماڵپەڕی رێلێڤۆ کاردەکات، ئێمباپێ ناتوانێت مەرجی بەشداریکردنی لە ئۆڵیمپیادی پاریس بەسەر ریال مەدریددا بسەپێنێت، بەڵام ئەگەری هەیە ماکرۆن هەوڵی رازیکردنی کەسایەتییە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بدات، بەمەبەستی ئەوەی گوشار بخەنە سەر ریال مەدرید بۆ ئەوەی رێگە بە ئێمباپێ بدات بەشداری لە ئۆڵێمپیاددا بکات.
 
ئەو رۆژنامەڤانەی رێلێڤۆ رایگەیاندووە کە ریال مەدرید قسەی کۆتایی لەسەر بەشداریکردنی ئێمباپێ لە ئۆڵۆمپیاددا هەیە و رێگە نادات ئێمباپێ بچێتە ئۆڵیمپیاد، مەگەر ماکرۆن لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو بێت لەوەی ریال مەدرید رازی بکات رێگەی پێبدەن.
 
فەرەنسا دەیەوێت ئۆڵیمپیادێکی سەرکەوتوو ئەنجام بدات، بەڵام دوای ئەوەی ئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش رایگەیاند رێگە بە بەشداریکردنی ئانتوان گریزمان لە ئۆڵیمپیاد نادات، ترسی ئەوە هەیە تێری هێنری باشترین یاریزانەکانی لەبەردەستدا نەبێت بۆ بەدەستهێنانی میدالیای زێڕ.
 
دوای بەشداریکردنی لە یۆرۆی 2024، یانەی ریال مەدرید نایەوێت ئێمباپێ بە ماندووییەوە بگات، هەر بۆیەش نایەوێت بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات.
 
هەروەها ریال مەدرید دەیەوێت ئێمباپێ بەشداری گەشتی بەر لە دەستپێکردنی وەرز لە ئەمریکا بکات، کە بێگومان بانگەشەیەکی زۆر و داهاتێکی زۆر بۆ ریال مەدرید دێنێت.