سەرۆکی بارسێلۆنا: دەبێت کارە خراپەکانی ریال مەدرید بوەستێنن

رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر یانەی ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ئەو یانەیە، بەهۆی هەڵوێستیان لەسەر ناوبژیوانان و دۆسیەی نێگرێرا.
 
خوان لاپۆرتا، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە چۆن هەڵوێستی ریال مەدرید لەسەر ناوبژیوانان هەڵدەسەنگێنێت؟ و گوتی "هێشتا تووڕەم، چونکە ئەوەی کەناڵی ریال مەدرید دەیکات شەرمەزارییە". 
 
سەرۆکی بارسا هەروەها گوتی "پێموایە پێویستە بەرپرسان دەستوەردان بکەن و سنوورێک بۆ ئەمە دابنێن، چونکە هەوڵێک هەیە هەموو هەفتەیەک کاریگەری لەسەر ناوبژیوانان هەبێت، لەسەر بنەمای بەردەوامبوون لە رەخنەگرتن لە ناوبژیوانان".
 
لاپۆرتا هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی ناوبژیوانان رەتکردنەوەی ئەو بابەتەیان راگەیاندووە، دەبێت لە ئێستاوە لێکۆلینەوە لەو پرسە بکەن. بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر بارسێلۆنا بەدرێژایی رۆژ ئەو کارەی بکردایە، زۆر زوو تاوانبار دەکراین و سزا دەدراین".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی بلاوگرانا، گوتی "پێموایە ئەوەی لە ریال مەدریدەوە روودەدات شایەنی سزایەکی گەورەیە، من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە کەناڵەکەیان بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات، چونکە دەکرێت ئەوە ببێتە هۆکاری تێکدانی رکابەرییەکە و ئەنجامدانی ساختەکاری".
 
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "ئەگەر رێوشوێنی پێویست بەرامبەریان وەرنەگیرێت، ئەوا دەتوانن کێبڕکێیەکە بشێوێنن، من پێشتر ئەوەم گوتووە، بەڵام ناوەستن".
 
کاتێکیش پرسیار لە خوان لاپۆرتا کرا، کە ئێستا پەیوەندی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید چۆنە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "ئێستا پەیوەندییەکانمان باش نین، چونکە دەستی لە پشت دۆسیەی نێگرێرا هەیە و ئەوەی ئەو دەیکات لەڕێدەرچوونە".
 
هەروەها زیاتر لەبارەی پێرێزەوە گوتی "داوای درێژکردنەوەی لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە دۆسیەکە کردووە، ئەوەی بارسێلۆنا گوتوویەتی راستییە، ئەو تۆمەتە دژبەیەکانەی کە خراونەتە پاڵ بارسا بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت بسەلمێنرێن، چونکە بوونیان نییە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە، گوتی "پرسی نێگرێرا تەنیا راوێژێکی تەکنیکی ناوبژیوانی و راپۆرت و ڤیدیۆ بوو، کە وەک بەڵگە پێشکێش کراون، ئەوان  لەوێ دەستوەردان لە دۆسیەکە دەکەن و دەیانەوێت ئەم بابەتە بە زیندوویی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەر شتێکیان ویست بڵێن".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، خوان لاپۆرتا، گوتی "ئەوان دەیانەوێت بیسەلمێنن کە بارسا هەوڵدەدات کاریگەری لەسەر ناوبژیوانان دروست بکات، لە کاتێکدا ئەوانن کە ئەو کارە دەکەن. من ئەم یارییە و ئەم دووڕووییەی ئەوان ئەنجامی دەدەن بە دروستی نابینم".