ئینگلتەرا و بەرازیل لە وێمبڵی رووبەڕووی یەکدەبنەوە

23-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یاریی دۆستانە هەڵبژاردەی بەرازیل هەڵبژاردەی ئینگلتەرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
ئینگلتەرا وەک بەشێک لە پڕۆڤەی خۆئامادەکردن بۆ یۆرۆی 2024 رووبەڕووی بەرازیل دەبێتەوە و بەرازیلیش وەک پڕۆڤەیەکی ئامادەسازیی بۆ کۆپا ئەمێریکای ئەمساڵ، رووبەڕووی ئینگلتەرا دەبێتەوە. هەردوو پاڵەوانێتییەکە هاوینی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێن و هەردوو هەڵبژاردەکە، دەبێ هەڵوەستە لەسەر دوایین وردەکارییەکانی چوونە نێو ئەو جەنگە کیشوەرییەی خۆیان بکەن.
 
ئینگلتەرا کە خۆشحاڵدەبێت بەپشتگیری هاندەرەکانی لە وێمبڵیدا، ئەگەرچی جارێکی دیکە دۆستانە بەرامبەر بەرازیل یارییدەکات، بەڵام پێویستی بەپێشاندانی سووربوون و لێبڕاوی لە یارییەکەدا هەیە، تاوەکو لە رێگەیەوە ساوسگێتی راهێنەر، بەشێکی دیکە لە کەموکورتییەکانی تیپەکە بدۆزێتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدات.
 
ئینگلتەرا لە یارییەکەدا لە تواناکانی هاری کەینی، گۆڵکەری یەکەمی بێبەش دەبێت بەهۆی پێکانەوە. ئامادەنەبوونی کەین کە ئەمساڵ لە لووتکەی ئاست و گۆڵکردندایە لە بۆندێلسیگای ئەڵمانیا، هەلی ئەوە بە راهێنەری هەڵبژاردەکە دەدات، هەندێک یاریزانی نوێ لە پێکهاتەکەیدا تاقیبکاتەوە، دیارترینیان لاباڵی فڕیوی نیوکاسڵی ئینگلیزی، ئانتۆنی گۆردۆنە کە هاتووە تاوەکو وەک یاریزانانی دیکەی هەڵبژاردەکە، باڵادەستبوونی ویستی بردنەوە پێشان بدات.
 
ئانتۆنی گۆردۆن، یەکەمجارە درێسی ئینگلتەرا دەپۆشێت، ئەمەش پاش وەرزێکی ناوازە لەگەڵ نیوکاسڵی ئینگلیزی، ئەو هەست بەئارامی دەکات و پێیوایە کە ئینگلتەرا هەمووان پەیامێکیان هەیە. گۆردۆن دەڵێ، "بەڵێ روونە کە ئێمە لێرە ژینگەی بردنەوەمان هەیە. ئێمە بایەخ بەهیچ شتێکی دیکە نادەین و تەنیا چاومان لەسەر تیپەکە و راهێنەرەکەمانە و دەبێ ئامانجێکی روونمان هەبێت. روونە کە ئامانجەکەمان چییە و من لێرە یاریزانانی نایاب لە چواردەوری خۆم دەبینم و ئەوەش واملێدەکات بەهەموو توانای خۆمەوە، سوود لە بوونم لێرە وەربگرم.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل، دوای حەوت ساڵ لە دوایین سەردانی بۆ یاریگەی وێمبڵی، جارێکی دیکە لەوێ دەردەکەوێتەوە و ئەمجارە خوازیارە ئەنجامەکە ئەگەرچی دۆستانەش بێت، لە دوایین سەردان باشتر بێت کاتێک بەبێ گۆڵ یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە کۆتایی هات.
 
دۆخی بەرازیل لە رووی سەقامگیریی راهێنەر و ستافی هەڵبژاردەکەوە زۆر پێچەوانەی ئینگلتەرایە. ئەگەر سێ شێرەکەی ئینگلتەرا هەشتەم ساڵی لەگەڵ ساوسگەیتی راهێنەردا بەسەر ببات، بەرازیل یەکەم یارییە خۆی لەگەڵ راهێنەرێکی نوێدا تاقیدەکاتەوە کە هاتووە بەشێک لە میراتی خواری راهێنەرانی پێشخۆی لە هەڵبژاردەکە راستبکاتەوە.
 
بۆ بەرازیلییەکان یەکەم دەرکەوتنی سامبا لەگەڵ دۆریڤال جۆنیۆری راهێنەر زیاتر لە مانایەک دەدات، بەتایبەت کە هەڵبژاردەکە دوای بێئومێدییەکانی مۆندیالی قەتەرەوە، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتووشدا، بەهەمان ریتمی خراپ و ئەنجامەوە تێهەڵچووەتەوە و دوایین سێ یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکاندا دۆڕاندووە، هەربۆیە هەمووان هیواخوازن، سامبا لێرە بەدواوە کەمێک لە هێز و ویستی خۆی پێشان بداتەوە.
 
لەدوایین ریزبەندی فیفادا بۆ هەڵبژاردەکان، ئینگلتەرا لە پێش بەرازیلەوەیە، ئەمە وایکردووە هەندێک بەرازیل بەهەڵبژاردەیەکی دوور لە رکابەری ببینن، بەڵام دانیێلۆی بەرگریکەری هەڵبژاردەکە، پێیوانییە دۆخەکە بەو شێوەیە بێت، ئەو دەڵێ، "پێموایە هەندێک وایدەبینن کە ئینگلتەرا لە ئێمە باشترە، چونکە لە ریزبەندیشدا لە پێش ئێمەوەیە، بەڵام من رێزی زۆری ئەو هەڵبژاردەیە دەگرم و وێڕای ئەوەش، من متمانەم بەهاوڕێکانم هەیە. باوەڕم بەو کارە هەیە کە دەستمانپێکردووە. دڵنیام یارییەکەی قورس دەبێت، چونکە ئینگلتەرا یاریزانی گەورە و گرنگی هەن، بەڵام بەرازیلیش بەهەمان شێوەیە. شتێکی دیکە ناڵێم تەنیا ئەوەنەبێت کە رێزی زۆر بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یارییەکی گەورە بەرامبەریان ئەنجامدەدەین".
 
دۆریڤالی راهێنەر ئەگەرچی بیانووی یەکەم یاریی و ئامادەنەبوونی بەشێکی کاریگەری یاریزانەکانیشی لەبەردەستدابێت، بەڵام پێویستی بەوە هەیە ترووسکایی ئومێدێک لە دڵی بەرازیلییەکاندا بچێنێت، بەرلەوەی ئیدی لە هەفتەکانی داهاتوودا تاقیکردنەوە راستەقینەکان دەستپێبکەن و خەونی بەرازیلییەکانیش بۆ هەڵبژاردەکەیان، زیاتر بەرەو سەر بچێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).