رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێت "خەونی من یارییکردنە لە ئۆڵیمپیاد و پێش یۆرۆش داهاتووی خۆم یەکلادەکەمەوە."
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کیلیان ئێمباپێ هاتە بەردەم رۆژنامەڤانان و لەبارەی چەند پرسێکی جیاوازەوە قسەیکرد.
کیلیان لەبارەی هەلی بەشداریکردنی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا کە هاوینی داهاتوو لە پاریس بەڕێوەدەچێت گوتی "هەمیشە خەونم ئەوە بووە بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکەم و رای من لەو بارەیەوە نەگۆڕاوە، ئەگەر بەشداری بکەم ئەوا دەگەمە خەونەکەم، بەڵام ئەوە شتێک نییە بڕیارەکەی لە دەستی یەک کەس دابێت، بەڵام ئەگەر رێگەم پێنەدرێت دەبێت ئەوە بکەم کە پێمدەگوترێت."
ئێمباپێ لەسەر داهاتووی خۆی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بە رۆژنامەڤانانی گوت "تاوەکو ئێستا هیچ شتێکم لەبارەی داهاتووی خۆمەوە رانەگەیاندووە و هیچ شتێک نییە تاوەکو بیڵێم، هەمیشە گوتوومە هەرکاتێک شتێک هەبوو دێم و رایدەگەیێنم و وەکو پیاوێک ئەوە دەکەم، پێموایە بەر لە رکابەرییەکانی یۆرۆ رووندەبێتەوە."
ئەستێرە فەرەنسییەکە زیاتر گوتی "هەموو بیرکردنەوەم لای هەڵبژاردەی فەرەنسایە و سەرنجم لەسەر یاریی داهاتوومانە، پابەندم بەوەی کە ئاستێکی باش پێشکێشبکەم، من بەرپرسیارم لەوە، نەک لەوەی کە خەڵک چی دەڵێن و چۆن بیر دەکەنەوە."
ئەم قسانەی کیلیان ئێمباپێ لەکاتێکدایە، فەرەنسا و هەڵبژاردە بەشدارەکانی ئۆڵیمپیادی داهاتووی پاریس دەتوانن سێ یاریزان بانگهێشتبکەن کە تەمەنیان لەسەرووی 23 ساڵەوە بێت، بەڵام هێشتا بەتەواوی دیارنییە کە فەرەنسا دەتوانێت ئێمباپێ بانگهێشتبکات یان نا، بەتایبەت ئەگەر یاریزانەکە بچێتە ریال مەدرید، چونکە یانەی ریال مەدرید رایگەیاندووە، ئەو یاریزانانەی بەشداری لە یۆرۆ و کۆپا ئەمریکادا دەکەن، رێگەیان پێنادرێت بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکەن.
ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کەمتر لە سێ مانگی ماوە، یاریزانەکە بڕیارییداوە گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە داهاتووی ئەستێرە فەرەنسییەکە لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ