پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 دەستپێدەکەن.. سێ شێرەکان دەچنە ئیتاڵیا

23-03-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە نێو ترسێکی زۆر لە دروستبوونی شەڕ و ئاژاوەی هاندەرە چەقاوەسووەکانی هەردوولا، فایناڵی یۆرۆی رابردوو لە دەستپێکی یارییەکانی گەیشتن بە یۆرۆی داهاتوو دووبارە دەکرێت، کاتێک سکوادرا ئازوورای ئیتاڵی میوانداریی سێ شێرەکەی ئینگلتەرا دەکات. 
 
یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا لە ناپۆلی، دەبێتە شانۆی رووبەڕووبوونەوەی ئیتاڵیا و ئینگلتەرا، ئەو دوو تیپەی کە یەکێکیان بۆ دووەمجار لەسەریەک مۆندیالی نەبینی و ئەوەی دیکەشیان لەنێو حەسرەتی زوو کرانە دەرەوە لە مۆندیالی قەتەر، بۆ یەکەمجار تیپەکەی خۆی کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە یۆرۆی داهاتوو کارەکە تەواو بکات، دوای ئەوەی لەوەی لە رابردوودا تەنانەت لەسەر یاریگەی خۆی نەیتوانی بیگەڕێنێتەوە ماڵەوە، ئەو رستەیەی کە ساڵانێکە هەوادارانی ئینگلتەرا لەسەرزاریانە، "ئتس کەمینگ هۆم". 
 
بۆ ئیتاڵیا متمانەبەخشینەوە بە رۆبێرتۆ مانچینی، لەوانەیە باشترین کارێک بووبێت کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە لە ماوەی رابردوودا کردبێتی، ئاخر ئەو راهێنەرە لە وشکەساڵیی دروستبوونی بەهرەمەند و ئەستێرەی ئیتاڵیدا هات و نازناوێکی لە قورگی سێ شێرەکەدا دەرهێنا، لە کاتێكدا ئیتاڵیا دوایین بەربژێری سەرەکی بوو بۆ نازناوەکە، بەڵام نەگەیشتن بە مۆندیال بۆ دووەمجار لەسەریەکی گومانی زۆری لەسەر راهێنەرەکە دروستکرد، ئەمەش وایکرد پاکتاوی یاریزانە بەسەرچووەکان بکات و خوێنی نوێ بخاتە نێو پێکهاتە شینەکەوە. 
 
لە ئیتاڵیا لە دوایین ساتەکاندا سێ گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەدا کران، کیێزا و دیمارکۆ لەگەڵ گۆڵپارێزی سێیەمدا تووشی پێکان بوون و دوورخرانەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، مانچینی لەدوای یۆرۆی رابردووەوە هەریەکە لە ئیمۆبێلی بێلۆتیی لە ریزی ئازوورییەک دوورخستەوە، دوای ئەوەی گلەییەکی زۆر لە هێڵی پێشەوەی هەڵبژاردەکە هەبوو، لە شوێنی ئەوان چەند یاریزانێکی دیکەی لە خولە جیاوازەکانی جیهانەوە هێنایە هەڵبژاردەکە کە یەکەمجاریان بوو درێسی شین لەبەرکەن.
 
ئینگلتەرا بۆ یارییەکەی ئەمشەو لە تواناکانی مارکۆس راشفۆرد، مەیسن ماونت و نێک پۆپی گۆڵپارێز بێبەشدەبێت، راهێنەربوونی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا قورسترین کار بووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی زۆریی ئەستێرەکان لە یەک شوێنی یاریگەدا، هەمیشە راهێنەران بەر رەخنەی میدیا و هاندەران کەوتوون، لەو کاتەشی کە ئەنجامی باشیان نابێت، ئیدی دەرگەی دۆزەخی میدیایی بە روویاندا دەکرێتەوە، بەڵام ئەوە چەند ساڵێکە ساوسگەیت وەک راهێنەری ئینگلتەرا بەردەوامە، ئەگەرچی دەنگۆی دوورخستنەوەی لە دوای مۆندیال هەبوو، بەڵام متمانەی پێبەخشرایەوە بەو هیوایەی کە لە یۆرۆی داهاتوودا کارێکی باش بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە