کریستیانۆ رۆناڵدۆ: هەمیشە ئاڵای پۆرتوگال بە بەرزی رادەگرم

23-03-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دووپاتیکردەوە کە ئەو هەمیشە ئامادەیە بۆ خزمەتکردنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و بەرزڕاگرتنی ئاڵای وڵاتەکەی، ئەگەر راهێنەر و ئەندامانی دەستەی راهێنەرایەتی پێیانوابێت ئەو سوودی هەیە. گوتیشی "زۆر حەزم لە شکاندنی ریکۆردە".
 
ئەمڕۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یەکەم یاریی خۆیدا بەسەرپەرشتی رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری نوێی، لە دەستپێکی یارییەکانی پاڵاوتن بۆ یۆرۆی 2024 میوانداری هەڵبژاردەی لیختینشتاین دەکات. کە ئەمە یەکەم یاریی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە دوای مۆندیالی 2022ـی قەتەر.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە، سەرەتا باسی رەوشی نێو کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی کرد و گوتی "ئەوەی روویدا شتێکی زۆر ئەرێنییە. تێبینیم کرد گەنجەکان زۆر دڵخۆشن. کەش و هەوا زۆر زۆر باشە. ئەمە وەک پێشتر گوتم کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە بۆ هەموومان، بۆ یاریزانەکان، بۆ ستافی راهێنەرایەتی و هەروەها بۆ وڵات. وزە باشە و ئەرێنییە و ئەمەش گرنگترین شتە". 
 
کریس سەبارەت بە خۆیشی گوتی "ئەگەر بەشێوەیەکی کەسیی قسە بکەم، زۆر دڵخۆشم کە گەڕاومەتەوە، دڵخۆشم کە توانیومە یارمەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بدەم و دڵخۆشم کە بەردەوام بم لە یارمەتیدانی پۆرتوگال".
 
ئەو زیاتر باسی خۆی کرد و گوتی "پێموایە رۆڵی من لە هەڵبژاردەی نیشتیمانی لە پانزە ساڵی رابردوودا، یان دە ساڵ، وەک خۆی بووە، پاڵنەرەکانم ساڵ لە دوای ساڵ نەگۆڕاون، ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکەم هەمان ئەو هەستەیە کە یەکەمجار هاتمە ئێرە، من حەزم لە یاریکردنە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی".
 
کاپتنی پۆرتوگال هەروەها گوتی "یاریکردن بۆ ماوەی 20 ساڵ لە بەرزترین ئاستدا بە رێککەوت نەبووە، ئەوەندەش ئاسان نییە، بەڵام وەک گوتم من دڵخۆشم، ئەگەر راهێنەر و ئەندامانی دەستەی راهێنەرایەتی پێیانوابێت من سوودم هەیە، ئەوە هەمیشە باشترین ئاستم پێشکێش دەکەم و ئاڵای پورتوگال لە بەرزترین ئاستدا رادەگرم، بێگومان ئەوە بۆ خۆم و هاوڕێکانم وایە".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەگەر ئەمڕۆ یاری بکات دەبێتە ئەو یاریزانەی کە لە مێژووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا خاوەنی زۆرترین یارییە. 
 
دۆن کریستیانۆ گوتی "پێوەرەکان هەمیشە ئەرێنین، چونکە هاندەرێکت پێدەبەخشن. دەزانن من زۆر حەزم لە شکاندنی ریکۆردە. ژمارەیەک ریکۆردم شکاندووە، بەڵام ریکۆردی ئەمجارە تایبەت دەبێت، چونکە ریکۆردی ئەنجامدانی زۆرترین یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم دەشکێنم". 
 
مووشەکی مادێرا هەروەها گوتی "دان بەوەدا دەنێم کە ئەمە دەستکەوتێکە زۆر شانازی پێدەکەم، جگە لەوەی باشترین گۆڵکاری هەڵبژاردەی نیشتمانیم، دەمەوێت ببمە ئەو یاریزانەی لە مێژووی یارییەکەدا زۆرترین یاریی بۆ وڵاتەکەی ئەنجامداوە. من نامەوێت ئەوە لەم یارییەدا بوەستێت، بەڵکو دەمەوێت لە داهاتوودا زۆر یاری نێودەوڵەتی دیکە ئەنجام بدەم".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دانی بەوەدا نا کە بە کاتێکی سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام ئێستا هەموو شتێک باشە، ئەو گوتی "بەمدواییە کاتێکی زەحمەتم بەسەربردووە لەسەر ئاستی کەسی و پیشەیی، بەڵام کاتی پەشیمانی نییە، من ئێستا بە پشتیوانی خوای گەورە باشترم".
 
کاتێک لێیانپرسی بەشداری لە مۆندیالی داهاتوودا دەکەی؟ رۆناڵدۆ لە وەڵامدا گوتی "هەنگاو بە هەنگاو. من ئێستا بیر دەکەمەوە و ناتوانم داهاتوو ببینم. من هەمیشە هەوڵ دەدەم یارمەتی پۆرتوگال بدەم، پاشان ئەوە بڕیاری راهێنەرە. ئێمە دەبێت ئامادە بین".
 
هەروەها سەبارەت بە رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش پرسیاریان لێکرد، راهێنەری پۆرتوگال ئیسپانییە؟ کریس وەڵامەکەی بەمشێوەیە بوو "منداڵەکانم لە ئیسپانیا لەدایکبوون، ئەوان حەزدەکەن لە ئیسپانیا بژین، بەتایبەتی کریستیانۆ جۆنیۆر. من چەندین ساڵ لەوێ یاریم کردووە، من لەگەڵ کلتوورەکە راهاتووم. ئەوە وزەیەکی جیاوازە، لە ژیاندا هەندێجار گۆڕانکاری باشە".
 
سەبارەت بە خولی سعودیە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆچوونی خۆی بەمشێویە دەربڕی "پێموایە خولێکی زۆر رکابەرییە، پێموایە دەبێت بەشێوەیەکی دیکە سەیری بکەیت، درۆ دەکەم ئەگەر بڵێم خولی سعودیە هاوشێوەی خولی نایابی ئینگلیزییە، بەڵام خولێکی زۆر رکابەرییە، خولێکە سەرسامی کردووم، چونکە زۆر هاوسەنگە، تیپەکان باشن، یاریزانە عەرەبەکان باشن، یاریزانانی بیانیش کوالیتی پێدەدات".
 
دۆن زیاتر لەبارەی خولی رۆشنی سعودیە، گوتی "دڵنیام لەوەی لە ساڵانی داهاتوودا، لە پێنج شەش ساڵدا، خولی عەرەبی دەبێتە چوارەم، پێنجەم یان شەشەم باشترین خولی جیهان لە رووی کێبڕکێیەوە، ئەگەر بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی پلانی ئێستای".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە