سوارێز باس لە وازهێنانی دەکات

23-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لویس سوارێز ئۆرۆگوای
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لويس سوارێز، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، هیوا دەخوازێت بۆ جاری چوارەم بەشداری لە مۆندیالدا بکات، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەگەر هەڵبژاردی ئۆرۆگوای نەگاتە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، واز لە یاریکردنی نێودەوڵەتی دێنێت.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای لە یارییەکی گرنگی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی پێرو، کە بە ئەگەری زۆرەوە ئەنجامی ئەو یارییە ناسنامەی بلیتی چوارەمی گەیشتن بە مۆندیال لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردەیەدا دیاری دەکات.
 
لویس سوارێز، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، هیوای خواست خۆی و هاوڕێکانی بگەنە مۆندیال، بۆ ئەوەی بۆ جاری چوارەم بەشداری لە گەورەترین بۆنەی وەرزشیی جیهاندا بکەن.
 
سوارێز گوتی "لەوانەیە ئەمە دوایین یاریی من بێت لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانیمان، بۆیە چێژوەرگرتنم ئەمجارە جیاواز دەبێت، من ئەمجارە ئارەزوویەکی زیاترم هەیە بۆ گەیشتن بە مۆندیال، بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوەم هەبێت بۆ جاری چوارەم لە کاروانی خۆمدا بەشداری لە مۆندیالدا بکەم". 
 
هێرشبەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەروەها گوتی "ئەوە بۆ من و هاوڕێکانم لە هەڵبژاردەی نیشتیمانی دەستکەوتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت، کە ئەوانیش لە هەمان بارودۆخی مندان، بۆیە ئێمە ئەو ئەدریالین و دڵخۆشیی و وزەیەمان تێدایە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانی یاری بکەین".
 
لویزیتۆ لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی "بڕوام بەوەیە کە زۆر یاریی گرنگم لە کاروانی خۆمدا کردووە و زەحمەتە شرۆڤەی ئەو دۆخە بکەم، بەڵام بێگومان یاریی ئەمجارەمان بەرامبەر پێرۆ لەوانەیە گرنگترین یاری بێت لە ژیانمدا، بەو پێیەی دەرفەتمان پێدەدات جارێکی دیکە بەشداری لە مۆندیالدا بکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە