فیناڵی بالەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتال
لیژنەی کێبرکێکانی یەکێتیی بالەی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و بڕیاریدا یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی بالەی عێراق لە شاری بەغدا بەڕێوەبچن.
یارییەکانی قۆناخی کۆتایی رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات و چوار رۆژ بەردەوامدەبن، هەریەک لە یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی، غازی باشوور، بەحری، جەیش لەگەڵ شورتە رکابەری بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولەکە دەکەن.
سەبیح حەنتوش، ئەندامی یەکێتیی ناوەندنی بالەی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە لە ئامادەباشیداین بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو هەروەک قۆناخەکانی دیکە، ئەوەی دەبینین ململانێیەکی بەهێزی یانەکانە لەبەرئەوەی ئاستیان لە یەکدی نزیکە و هەمووان چاوییان لە نازناوەکەیە".
ئێستا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە لە پێشەنگی ریزبەندییدایە، هەریەک لە یانەکانی غازی باشوور و بەحری لە پلەکانی دووەم و سێیەمدان.
مستەفا حەمید، کاپتنی یانەی جەیش لەبارەی ئامادەکاری تیپەکەیان بۆ رووداو، گوتی "وەرزی ئەمساڵ خاوەن پێکهاتەیەکی بەهێزی یاریزانانی عێراقین، ئێمە دەرفەتێکی باشمان ماوە بۆ ئەوەی بتوانین رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەین، هەروەها ئاستی تیپەکەمان روو لە بەرزبوونەوەیە و بەداهاتوومان زۆر گەشبینم".
یانەی پاڵەوانی خولی نایابی بالەی عێراق، راستەوخۆ بلیتی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای پێدەدرێت.