پاڵەوانیەتی تێنسی مەیامی ئەنجامی سەرنجڕاکێشی تێدا تۆمارکرا

رووداو - هەولێر

پاڵەوانێتی تێنسی میامیدا چەند یارییەک بەڕێوەچوون، ئازارینکا بە سوود وەرگرتن لە پێکانی رکابەرەکەی گەیشتە قۆناخی داهاتوو، سیمۆنا هالێپ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پیلشکۆڤا و ئانجلیک کێربێر بەربەستەکانیان سەرکەوتوانە بڕی و بلیتی قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەیان بەدەستهێنا.

رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی تێنسی میامی بەردەوامە ئە ستێرەکان و تێنسزانانی تۆپ تێن سەرکەوتوانە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکەیان بڕی.

ڤیکتۆریا ئازارینکا، خانمە تێنسزانی بیلارووسی رووبەڕووی مادیسۆن کیزی ئەمریکی بووەوە، خانمە ئەمریکییەکە بە پێکان بەرۆکی گرت و نەیهێشت یارییەکە تەواو بکات، هەرچەندە کۆمەڵەی یەکە بە ئەنجامی پێنج حەوت دۆڕابوو، لە کۆمەڵەی دووەمیشدا بە دوو گێمی بێوەڵام لە دواوە بوو، دواتر پێکان و جێهێشتنی یاریگا، ڤیکەی گەیاندە قۆناخی سێیەمی میامی.

لە یارییەکی دیکەشدا ئانجێلیک کێربێری خانمە تێنسزانی ئەڵمانی سێیەم یاری لەسەریەکی لە جوانا لارسۆنی سوێدی بردەوە بەبێ ئەوەی هیچ کۆمەڵەیەک بدۆڕێنێت، بردنەوەی ئەمجارەشی بە ئاسانی و بە دوو کۆمەلەی بێوەڵام بوو.

ئەنجامی هەردوو کۆمەڵەکەش شەش دوو و شەش دوو بوون، یاری داهاتووشی بەرامبەر ئاناستازیا پاڤلیشینکۆڤای خانمە تێنسزانی رووسی دەبێت.
لەلایەن خۆیەوە کارۆلین پیلشکۆڤای چیکی سەرکەوتووانە بەربەستی ئیکاترینا ماکارۆڤای بڕی و گەیشتە قۆناخی سێیەم.

سەرکەوتنی کارۆلین لە یارییەکەدا قورس نەبوو و یارییەکەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێوەڵام و بە ئەنجامەکانی شەش دوو و شەش دوو لێبردەوە، لە قۆناخی داهاتووشدا پیلشکۆڤا بەرامبەر سو وی هسی تایوانی یاریدەکات.

لە دواییشدا سیمۆنا هالێپی رۆمانی و پێشەنگی خانمە تێنسزانانی جیهان بە زەحمەت لە ئۆشیان دۆدینی بردەوە و بلیتێکی قۆناخی داهاتووی بەدەستهێنا.

هالێپ یارییەکەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک بردەوە، ئەنجامەکانیشی سێ شەش، شەش سێ و حەوت پێنج بوو.
یارید داهاتووی هالێپ بەهێز دەبێت و بەرامبەر ئاگنێشکا رادڤانسکای خانمە تێنسزانی پۆڵەندی یاریدەکات.