ڤیدیۆ؛ چاڤی دەرگای بارسا بۆ مێسی دەکاتەوە

23-02-2023
ئیحسان تاهیر
چاڤی و مێسی
چاڤی و مێسی
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە ئەوان بارسێلۆنان و دەیانەوێت رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان بکەن. گوتیشی "یاریی مانچێستەر یونایتد تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورسە، چونکە ئەو یانە ئینگلیزییە یەکێکە لە باشترین یانەکانی ئێستای ئەوروپا".
 
ئەمشەو کاژێر 23 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە قۆناخی 16ـی یۆرۆپالیگ. لەسەر یاریگەی ئۆڵترافۆرد دەبێتە میوانی مانچێستەر یونایتد.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئێمە، پێشتر گوتم ئەمە تاقیکردنەوەیە، لە راستیدا هەموو یارییەک تاقیکردنەوەیە بۆ ئێمە و ئەم یارییە تاقیکردنەوەیەکی گەورەترە، چونکە ئێمە لە ئەوروپا بەرامبەر رکابەرێکی بەهێز ئەنجامی دەدەین، رکابەرەکەمان لە دۆخێکی باشدایە و یەکێکە لە باشترین تیپەکانی ئێستای ئەوروپا". 
 
چاڤی هەروەها گوتی "ساتێکی باشە بۆ ئێمە، چونکە ئێمەش لە قۆناخێکی باشدا گەیشتووینەتە ئێرە و هەست بە متمانە دەکەین، لەبەرئەوەی پێشەنگی خولی ئیسپانیاین. هەروەها لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی شا رکابەری دەکەین، و پێشتر  جامی سوپەری ئیسپانیامان بردووتەوە، لەم یارییەدا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی دیکە و کێبڕکێیەکی دیکە دەبینەوە، پێویستە زۆر بە وردی و بایەخەوە یاری بکەین".
 
راهێنەری بارسا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "من بردنەوەی هیچ نازناوێک بەدوور نازانم، ئێمە بارسێلۆناین و دەبێت نازناوەکان بەدەستبهێنین، لەم وەرزەدا کێبڕکێ لەسەر چوار نازناو دەکەین، پێشتر یەکێک لەو نازناوانەمان بەدەستهێناوە، نازناوی دووەم لە مەترسیدایە، دەکرێت لەم پاڵەوانێتییە  دەربکرێین و نائومێدییەکی گەورە دەبێت". 
 
سەبارەت بە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و ئەگەری گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا، پرسیار لە چاڤی کرا؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "هیچ شتێکی دیکە نییە بیڵێم، زۆرجار گوتوومە بارسێلۆنا ماڵی ئەوە و دەرگاکە بەڕوویدا کراوەیە، ناتوانم هیچی دیکە بڵێم، ئەو هاوڕێمە و بەردەوام لە پەیوەندیداین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە