رووداو دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دەستپێدەکەن و ئەمشەو دوو یاریی بەڕێوەدەچن.
لە یاریی یەکەمی ئەم قۆناخەدا، کاژێر 18:00 لە یاریگەی ئەلسامەمە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، هەردوو یانەی دحێلی قەتەر و شەبابی سعودی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
شەباب یەکەمجارە لە دوای 2013ـەوە دەگاتە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە، دحێل بەسەرپەرشتی هێرنان کریسپۆ دەیەوێت کۆتایی بە کاروانی یانە سعودییەکە بهێنێت و بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی.
لە یارییەکی دیکەدا کە کاژێر 21:00 لە یاریگەی ئەلجنووب بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی هیلالی سعودی و فۆلادی ئێرانی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
هیلال لە یاریی رابردوودا لە یانەی شەباب ئەهلی دوبەی ئیماراتی بردەوە و فۆلادیش سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی فەیسەلی سعودی بەدەستهێنا و بۆ جاری یەکەم لە مێژوویدا گەیشتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئاسیا.
بەر لە یارییەکەی بەرامبەر هیلال، جەواد نیکۆنام، راهێنەری یانەی فۆلاد دوای چوار ساڵ لە کارکردنی لەگەڵ یانەکە وازی لە کارەکەی هێنا و بەشێوەیەکی کاتی حەمید رەزا راهێنەرایەتی یانەکە دەکات.
چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەشێوەی دوو قۆناخ دەکرێت، تیپەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن و یانەکانی رۆژئاوای ئاسیاش رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یانەی ئوراوا رێدزی ژاپۆنی، لە بەشی رۆژهەڵاتی کیشوەرەکە گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و چاوەڕێی ئەو تیپە دەکات کە لە بەشی رۆژئاوا سەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ