ڤیدیۆ؛ چۆن لە بارسێلۆنا دەبەنەوە؟ تێن هاگ وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە ئەمجارە بارسێلۆنایەکی بەهێز دەبینن، بۆیە ئەگەر یاریزانەکانی بیانەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنن دەبێت بەرزترین ئاستی ئەم وەرزەیان پێشکێش بکەن. گوتیشی "شەوی کۆبوونەوەم لەگەڵ فێرگسۆن شەوێکی نایاب بوو".
 
ئەمشەو کاژێر 23 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە قۆناخی 16ـی یۆرۆپالیگ. لەسەر یاریگەی ئۆڵترافۆرد دەبێتە میوانی مانچێستەر یونایتد.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "نازانم چاڤی بیر لە چی دەکاتەوە. بەڵام روونە کە گاڤی و پێدری ئامادەنابن. بەڕاستی دوو یاریزانی گەورەن، سەرەڕای بچووکی تەمەنیان. لە ئێستاوە کاریگەرییان لەسەر بارسێلۆنا هەیە. بەڵام پێکهاتەکەشی زۆر یاریزانی تێدایە". 
 
ئەو گوتیشی "پێکهاتەیەکی زۆر باشە و زۆر یاریزانی هەیە کە دەتوانن قەرەبووی ئامادەنەبوونیان بکەنەوە. ئەمجارە بارسێلۆنایەکی زۆر باش دەبینین. بۆیە ئەگەر بمانەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنین، دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین و باشترینی خۆمان پێشکێش بکەین".
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەلێکس فێرگسۆن؟ راهێنەری مان یونایتد، گوتی "لە راستیدا ئەوە زۆر نایاب بوو و هەمیشە چێژ لە قسەکردن لەگەڵ کەسانێک وەردەگرم کە زانیارییەکی زۆریان هەیە، ئەزموونێکی زۆریان هەیە". 
 
تێن هاگ زیاتر لەبارەی فێرگسۆنەوە گوتی "ئەو دەیەوێت هاوبەشمان بێت و یارمەتی و پاڵپشتی پێشکێشمان بکات، هەست دەکەی مانچێستەر یونایتد یانەی ئەوە، ئەویش هەست بە پابەندبوونێکی زۆر دەکات و دەیەوێت ئێمە باش بین. شەوێکی نایاب بوو و من بەوپەڕی پەڕۆشییەوە چاوەڕێی شەوێکی دیکەی هاوشێوە دەکەم".