ڤیدیۆ؛ لوکاکو سەرکەوتنی بۆ ئینتەرمیلان بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، سەرکەوتنێکی گرنگ و زەحمەتی بەسەر یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالیدا بەدەستهێنا و هەنگاوێکی باشی بەرەو قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ هاوێشت.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ئینتەرمیلان لەسەر یاریگەی جۆزێپی میاتزا، میوانداری پۆرتۆی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 1-0 لێیبردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا هەموو شتێک هاوسەنگ بوو، و هەردوو تیپ نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن.
 
نیوەی دووەمیش تا راددەیەک بەهەمانشێوە بەڕێوەچوو، نزیکبوو لەوەی یارییەکە بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییبێت، بەڵام 4 خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە، رۆمیلۆ لوکاکو کە تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە، گۆڵی سەرکەوتنی بۆ یانە ئیتاڵییەکە تۆمارکرد و سەرکەوتن بە ناوی ئینتەرمیلان کرا.
 
لەو یارییەدا ئۆتاڤیۆی یاریزانی پۆرتوگالیی یانەی پۆرتۆ لە خولەکی 78 بە کارتی سوور دەرکرا، دوای ئەوەی دووجار لە یارییەکەدا لە لایەن ناوبژیوانەوە کارتی زەردی بە روویدا بەرزکرایەوە.
 
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان، دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "دەمانتوانی بە ئەنجامێکی باشتر و گۆڵی زیاتر لە پۆرتۆ ببەینەوە".
 
ئەو راهێنەرە ئیتاڵییەی یانەی ئینتەرمیلان، بەر لە یارییەکەش گوتبووی "ئینتەرمیلان نەک هەر دەتوانێت لە پۆرتۆ بباتەوە، بەڵکو دەتوانێت ئەمساڵ نازناوی جامپیۆنزلیگیش بباتەوە".