ڤیدیۆ؛ لایپزیگ یەکسانبوونی بەسەر مانچێستەر سیتیدا سەپاند

23-02-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی لایپزیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

یانەی لایپزیگی ئەڵمانی، توانی یەکسانبوون بەسەر یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزیدا بسەپێنێت و یەکلاکردنەوە بلیتی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بۆ یاریی گەڕانەوە دوابخات.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی لایپزیگ لەسەر یاریگەی رێدبول ئارێنا، میوانداری مانچێستەر سیتی کرد و یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
 
مان سیتی لە خولەکی 27 لە رێگەی ریاز مەحرەزەوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی تیپی میوان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا تیپی خاوەن ماڵ بە ئاستێکی جیاوازەوە دەرکەوت و گوشاری خستە سەر مان سیتی، تاوەکو لایپزیگ لە خولەکی 70 لە رێگەی یۆسکۆ گڤاردیۆلی یاریزانی کڕواتییەوە گۆڵی یەکسانبوونەوەی تۆمارکرد.
 
دوای ئەو گۆڵە کوڕانی پێپ گواردیۆلا هەوڵیاندا بە تۆمارکردنی گۆڵێکی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، بەڵام نەیانتوانی ئەو کارە بکەن و یارییەکە بە یەکسانبوون بە 1-1 کۆتاییهات و یەکلاکردنەوەی بلیتی سەرکەوتن بۆ قۆناخی هەشت دواخرا بۆ یاریی گەڕانەوە، کە یانە ئەڵمانییەکە رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو دەبێتە میوانی مانچێستەر سیتی.
 
دوای یارییەکە پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستە سیتی، رازیبوونی خۆی بە ئەنجامەکە دووپاتکردەوە و گوتی "ئەمە ئەنجامێکی باشبوو بۆ ئێمە، دەتوانین لە یاریی گەڕانەوەدا لەسەر یاریگەی خۆمان لە لایپزیگ ببەینەوە و بگەینە قۆناخی هەشت".
 
پێپ هەروەها گوتیشی "ئەگەر هەندێک کەس پێیانوابێت کە ئێمە 4-0 لە لایپزیگ دەبەینەوە، ئێمە ئەوەمان پێناکرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە