ڤیدیۆ؛ سیمیۆنی و ئۆبلاک جارێکی دیکە رووبەڕووی رۆناڵدۆی دێوەزمەیان دەبنەوە

23-02-2022
ئیحسان تاهیر
سیمیۆنی، رۆناڵدۆ و ئۆبلاک
سیمیۆنی، رۆناڵدۆ و ئۆبلاک
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یان ئۆبلاک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دیێگۆ سیمیۆنی بێجگە لەوەی 6 یاریزانی ئامادە نابن، جارێکی دیکە تیپەکەی رووبەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێتەوە، کە هەمیشە و لە هەر تیپێک بووبێت بۆ ئەو راهێنەرە دێوەزمەیەکی تۆقێنەر بووە.
 
سیمیۆنی، کە ئێستا تیپەکەی لە دۆخێکی نموونەییدا نییە، بێگومان ئەوەندەی بیر لە رۆناڵدۆ دەکاتەوە بیر لە هەموو یاریزانانی دیکەی مانچێستەر یونایتد ناکاتەوە، چونکە لەوە دەترسێت ئەمجارەش مووشەکەکی مادێرا یانەکەی لە چامپیۆنزلیگ دەربکات، کە پێشتر دیێگۆ چەندجارێک گوتوویەتی "ئەگەر رۆناڵدۆ نەبووایە 2 چامپیۆنزلیگمان دەبردەوە".
 
ئەمشەو کاتێک ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ میوانداری مانچێستەر یونایتد دەکات، دڵی هەموو یاریزانانی رۆخی بلانکۆس لەسەر دەستیان دەبێت، چونکە یاری نەکردنی کاراکتەرە هەرە گرنگەکانی تیپەکە، لویس سوارێز، ئانتوان گریزمان، کاراسکۆ، کۆکی و رۆدریگۆ دی پاول، کە ئەمەی دوایی بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان یاری ناکات و ئەگەری یاریکردنی ئەوانەی دیکەش زۆر لاوازە، بە مانای ئەوە دێت کە مەدریدییەکان پاساوی ئەوەیان بەدەستەوەیە لە تیپێک بترسن کە رۆناڵدۆیان هەیە. 
 
ناهەقی نابێت ئەگەر یان ئۆبلاکی گۆڵپارێز لە هەموویان زیاتر بترسێت، چونکە پێشتر تەنیا 3 هاتریکی لێکراوە و هەرسێکیشیان بە سەر و قاچەکانی دۆن کریستیانۆ بوونە، ئەو پێشتر گوتوویەتی "کریستیانۆ نەبووایە من دەبوومە تاکە گۆڵپارێز لە میژوودا هاتریکم لێنەکرابێت".
 
مان یونایتد کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی شەشەم گەیشتووەتە ئەم قۆناخە، بە تەواوی پێکهاتەکەیشی ئامادەیە، دەرفەتێکی باشی لەپێشدایە بۆ ئەوەی ئەو دۆخە ناڵەبارەی یانەکەی مەدرید بقۆزێتەوە و بە ئەنجامێکی باش بگەڕێتەوە ماڵەکەی، بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا یارمەتی بدات بۆ بەدەستهێنانی بلیتی سەرکەوتن بەرەو قۆناخی هەشت، بەتایبەتی کە ئەو یانە ئینگلیزییە خەریکە لە ژێر سەرپەرشتی رالف رانگنیکدا دەچێتە دۆخێکی زۆر باشەوە، کە لە پرێمەرلیگدا 7 یارییە بەدوای یەکدا نەدۆڕاوە.
 
یاریزانانی رۆخی بلانکۆس کە زۆر بە زەحمەت لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا سەرکەوتوون، لە لالیگاشدا خراپن و ئێستا بە ئاسانی یارییەکانیان دەدۆڕێنن، بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە یارییەکەیان بەرامبەر شەیتانە سوورەکان دەکەن، مەگەر دەنگۆی دوورخستنەوەی راهێنەرەکەیان وایانلێبکات 200٪ کۆششەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رزگارکردنی سیمیۆنی، یان لەبەرئەوەی کە هیچیان نییە لەدەستیبدەن، لەوانەیە ئەوەش هاندەرێک بێت بۆیان بۆ ئەوەی یارییەکی باش بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە