ئایاکس بە ئامانجی بردنەوە دەچێتە پۆرتوگال

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئایاکس ئەمستردامی هۆڵەندی، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا دەبێتە میوانی یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
 
ئایاکس سەرەرای ئەوەی دوور لە یاریگە و جەماوەرەکەی ئەم یارییە دەکات، بەڵام هەوڵدەدات بەردەوامی بەو ئاستە بەرزەی بدات کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا پێشکێشی کرد و لە 6 یارییدا 6 بردنەوە و 18 خاڵی هەبوو.
 
بێنفیکا، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا زۆر بە زەحمەت بە دووەمی کۆمەڵەی پێنجەم گەیشتووەتە ئەم قۆناخە، بەڵام دەیەوێت هۆکاری خاک و جەماوەر لەم یارییەدا بقۆزێتەوە و بە بردنەوە لە هۆڵەندییەکان کارێک بکەن، کە ئەرکیان لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو خاکی وڵاتی گوڵدا نەبێتە مەحاڵ.
 
ئێریک تین هاگی راهێنەری یانە هۆڵەندییەکە، کە بە تەواوی پێکهاتەکەی ئامادەیە بۆ ئەم یارییە، رێگە نادات یاریزانەکانی هیچ کەمتەرخەمییەک بکەن، بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پێشڕەویکردن بەرەو قۆناخەکانی پێشەوەی پاڵەوانێتییەکە و دووبارە کردنەوەی کاروانی 2019ـیان، کە گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە و زۆریش نزیک بوون لە یاریی کۆتایی.
 
بێنفیکاش کە تیپێکی خاوەن مێژوو و ئەزموونە لەم پاڵەوانێتییەدا، هەوڵدەدات باڵانسی خۆی بەدەستبێنێتەوە، کە ئەگەر توانی لەم یارییەدا لە ئایاکس بباتەوە، دەکرێت خەون بە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگەوە ببینێت.

 

یارییەکانی ئەمرۆ:
 
بێنفیکا - ئایاکس 2
ئاتلێتیکۆ مەدرید - مانچێستەر یونایتد 23:00