ڤیدیۆ؛ سیمیۆنی بەرامبەر مانچێستەر یونایتدی راستەقینە یاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، پێیوایە مانچێستەر یونایتد ئێستاش یەکێکە لە باشترین یانەکانی ئەوروپا، دەشڵێت "بە هاتنی رالف رانگنیک ئێستا ئەو تیپە وەک مانچێستەری راستەقینە دەردەکەوێت".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی لەسەر یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، میوانداری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەکات.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، دیێگۆ سیمیۆنی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا پەسنی یانەی رکابەریانی دا و گوتی "رووبەڕووی یەکێک لە باشترین تیپەکانی جیهان دەبینەوە، لە وەتەی راهێنەری نوێیان هاتووە، تووندی و کاری بەکۆمەڵ و پابەندی بەو تیپە بەخشیوە، ئێستا ئەو تیپە وەک مانچێستەری راستەقینە دەردەکەوێت".
 
ئەو زیاتر گوتی "مانچێستەر یونایتد تیپێکی بەهێز و دینامیکی و بوێرە، خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی زۆر بەتوانایە، یارییەکی زۆر بەهێز دەبێت وەک هەموو یارییەکانی چامپیۆنزلیگ". 
 
راهێنەری ئەرجەنتینیی یانە ئیسپانییەکە، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "هەموو رۆژێ کاردەکەم و هەوڵدەدەم بۆ ئەوەی تیپەکەم رۆحی هەبێت، لە دوایین یارییدا رۆحێکی گەورە بوونی هەبوو، بە ئاسانی هەستی پێدەکرا، هیوادارم بەرامبەر مانچێستەر یونایتدیش ئەو رۆحە لە تیپەکەماندا بوونی هەبێت، چونکە دەتوانین بەشێوەیەکی باش رکابەری بکەین".
 
دیێگۆ گوتیشی "پێموایە یاریزانەکانم زۆر بە باشی لە گرنگی ئەم یارییە تێدەگەن، بۆیە پێویست ناکات زیاتر قسە لەو بارەیەوە بکەین".
 
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆت؟ پرسیاریان لە سیمیۆنی کرد و ئەو لە وەڵامدا گوتی "پێموایە ئاوا دادپەروەرانەترە".