کوردێک دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

سەردار محەممەد، راهێنەری بەنێوبانگی کورد و پسپۆر لە توانای جەستەیی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی تۆپی پێی عێراق دەستنیشانکرا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت " سەردار محەممەد وەک راهێنەری توانای جەستەیی هەڵبژاردەی عێراق دەستبەرکادەبێت، بەهۆی ئەو ئەزموون و توانایە زۆرەی کە هەیەتی، دوای ئەوەی گۆنزالۆ رۆدریگۆی ئیسپانی بەهۆی پابەندبوونی بە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سانتۆس لوگانۆی مەکسیکی داوای لێبوردنی کرد."
 
فیدراسیۆنەکە زیاتر دەڵێت " سەردار محەممەد پێشتر لەگەڵ هەڵبژاردە جیاوازەکانی عێراق کاریکردووە، دوایینجار لە جامی ئاسیای 2019 بوو، جگە لەوەش پێشتر چەندجارێک لەگەڵ عەبدولغەنی شەهد کاریکردووە، لەنێویاندا جامی ئاسیای هەڵبژاردە ئۆڵیمپییەکان کە لە 2020 لە تایلەند بەڕێوەچوو.
 
راهێنەرە کوردەکە لە دوبەی دەژیت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " دڵخۆشە بە دەستنیشانکردنی وەک راهێنەری توانای جەستەیی هەڵبژاردەی عێراق و چەند رۆژێکی دیکە دەگەڕێتەوە عێراق بۆ ئەوەی دەستبەکارکردن لەگەڵ هەڵبژاردەکە بکات."
 
سەردار محەممەد لە دایکبووی ساڵی 1969ـە و خەڵکی شاری دهۆکی باشووری کوردستانە، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە بەغدا لە ساڵی 1993، جگە لەوە بەرزترین بڕوانامەی مەشقدانەوەی لە ساڵی 2016 لە ئیمارات بەدەستهێناوە و خاوەنی بڕوانامەی ئاستی (A) لەسەر ئاستی ئاسیا.
 
سەردار لە 1998 لەگەڵ یانەی زەوڕا دەستی بە راهێنەرایەتی کردووە، هەر لەو ساڵەدا نازناوی خول و جامی عێراقی لەگەڵ یانەکە بردەوە، لە وەرزی 2000-1999 چوار نازناوی لەسەر ئاستی عێراق و نازناوی پاڵەوانێتی ئیماراتی نێودەوڵەتیی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، پاشان لە 2000 یاریی کۆتایی جامی جامەکانی ئاساییان لەدەستدا.



لە ساڵی 2001 راهێنەرە کوردەکە یەکەم ئەزموونی پیشەگەریی تاقیکردەوە و پەیوەندیی بە یانەی ئیتیحادی ئیماراتییەوە کرد، پاشان لەسەر داوای عودەی کوڕی سەددام گەڕاوەتەوە عێراق بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق کاربکات، لە ماوەی زۆر کەمدا رۆڵێکی گەورەی لە بەرزکردنەوەی توانای یاریزانانی هەڵبژاردەکەدا بینی و لە 2004 لەگەڵ بێرند ستانجی ئەڵمانی توانییان عێراق بۆ یەکەمجار بگەیەنە پلەی 39ـەیەمینی هەڵبژاردەکانی جیهان.
 
لە ساڵی 2005 یانەی رەئس ئەلخەیمەی ئیماراتی بۆ ماوەی یەک ساڵ گرێبەستی لەگەڵ سەردار محەممەد واژۆکرد، دوای ئەوە راهێنەرەکە ماوەی دوو ساڵ پشووی وەرگرت، بەڵام لە 2008 تاوەکو 2010 پەیوەندیی بە یانەی عەجمانی ئیماراتییەوە کرد، ساڵی 2011 جارێکی دیکە سەردار دەگەڕێتەوە عێراق و لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەم کاردەکات، بەڵام کاتێک عێراق گرێبەستی لەگەڵ زیکۆ واژۆکرد، راهێنەرەکە داوای لە سەردار کرد بۆ ئەوەی ببێتە یاریدەدەری راهێنەری توانای جەستەیی، بەڵام راهێنەرە کوردەکە داوای زیکۆی رەتکردەوە و وازی لە کارەکەی هێنا.
 
ساڵی 2012 یانەی زاخۆ بووە یەکەم یانەی کوردی کە سەردار محەممەد کاری لەگەڵ بکات، راهێنەرەکە کارێکی باشی بۆ زاخۆ کرد و لەو ساڵەدا زاخۆ بۆ یەکەمجار لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولی عێراق بینرا.
 
ساڵی 2014 سەردار محەممەد، بۆ ماوەیەک بەشێوەی کاتی پۆستی راهێنەرایەتی توانایی جەستەیی یانەی هەولێری وەرگرت، لەو ساڵەدا هەولێر پلەی دووەمی خولی عێراقی بەدەستهێنا.

 
بۆ جامی ئاسیای 2015 لە ئوسترالیا، هەڵبژاردەی عێراق جارێکی دیکە گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرە کوردەکە واژۆکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ رازی شنێشل، سەرپەرشتی مەشقی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە بکەن.
 
دوای جامی ئاسیا جارێکی دیکە و بۆ جاری دووەم راهێنەرە دهۆکییەکە  گەڕایەوە یانەی عەجمانی ئیماراتی و وەرزێکی دیکە سەرپەرشتی مەشقەکانی یانەکەی کرد، ساڵی 2016 دوای گرێبەستکردنی عێراق لەگەڵ سریچکۆ کاتانیچ، سەرداری محەممەد وەک راهێنەری توانای جەستەیی هەڵبژاردەی یەکەم و هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراقیش کاریدەکرد، بەڵام لە 2019 بەهۆی دروستبوونی کێشەیەک لەنێوان ئەو راهێنەرە کوردە و کاتانیچ، سەردار وازی لە کارەکەی هێنا و چووە یانەی شورتەی عێراقی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی عێراق.
 
دوایین وێستگەی کارکردنی سەردار محەممەد، راهێنەری توانای جەستەیی کورد لەگەڵ یانەی عەجمانی ئیماراتی بوو، بەڵام دوای ئەوەی یانەکە راهێنەری خۆی گۆڕی، سەردار محەممەدیش لەگەڵ یانەکە بەردەوام نەبوو.