سەرهەنگ موحسین؛ هەرگیز نامەوێ بگەڕێمەوە یاریگەی فرەنسۆ هەریری

23-02-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

لە بوڵتەنی وەرزشی رووداو، سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەی ئەمانەی بەغداد بەشداریکرد و باسی ئەزموونی پیشەی گۆڵپارێزیی کرد لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغداد، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چ پاڵنەرێکی هەبووە کە وایکرد ئەو ئاستە نایابە لە خولی نایابی عێراق پێشکێش بکات، لە وەڵامدا سەرهەنگ گوتی: "من لە لووتکەوە دەستم پێکردووە و هەمیشە هەوڵ دەدەم ئاستم لە لووتکە بهێڵمەوە، بەڵام ئەزموونم لەگەڵ ئەمانەی بەغدا جیاوازترە، بە بەراورد بە یانەکانی پێشووم، چونکە میدیای عێراقی چاوێکی زیاتری لەسەر ئەم یانەیە هەیە، هەر بۆیە من هەمیشە پارێزگاریم لە ئاستی خۆم کردووە لە هەر یانەیەک گۆڵپارێزبووبێتم، هەوڵمداوە هۆکارێک بم بۆ سەرکەوتەکانی تیپەکەم".

سەرهەنگ باسی هەستی خۆی کرد سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ هەولێر کە جارێکی دیکە بەرامبەر یانەی دڵخوازی خۆی دەجەنگێت دەڵێت: "هەستێکی خۆشم هەیە کە رووبەڕووبوونەوەی ئەم جارەشم لە یاریگەی فرەنسۆ هەریریی نییە، چونکە نامەوێ لەو یاریگایە لە دژی هەولێر بجەنگم کە ماوەی 18 ساڵ لە یانەی هەولێر لەو یاریگایە یادگاریی شیرین و پڕ لە شانازیم هەیە، هیوادارم هەمووان لەوە تێبگەن کە ئەمە وەرزشە و تا بتوانم، هەوڵ دەدەم پیشەگەرانە پارێزگاری لە گۆڵی تیپەکەم بکەم".

سەبارەت بە جیاوازیی بایەخپێدان بە رۆڵی سەرهەنگ موحسین لەنێوان یانەی هەولێر و یانەی ئەمانەی بەغداد، سەرهەنگ بەمشێوەیە باسی ئەو جیاوازییە دەکات: "من هەمیشە لەلایەن هاندەری هەولێرەوە رێزم لێگیراوە و خۆشەویستی خەڵک و وەرزشدۆستانی هەولێرم، هەمیشە قەدری منیان گرتووە، بەڵام کاتێک چوومە یانەی ئەمانە، تەنیا 3 یاریی بەشداریم کرد، کەچی لەلایەن کارگێڕی یانەی ئەمانەوە راڕەوی رێزلێنانیان بۆ کردمەوە و قەڵغانی رێزلێنانیان پێشکێش کردم، لەکاتێکدا ئەو جۆرە رێزلێنانە تەنیا بۆ تیپێک دەکرێت کە نازناوی بەدەستهێنابێ، جگە لەوەش یانەی ئەمانە قەرەبووی لایەنی دەروونیشیان بۆ کردەمەوە، هەر ئەمەش هۆکارە کە من ئاستێکی زۆر باش پێشکێش دەکەم".

سەبارەت بەو ئاستە بەرزەی سەرهەنگی گۆڵپارێز پێشکەشی کردووە و توانیویەتی لەم وەرزە 9 کلینشیتی هەبێت، گوتی: "کاتێک یاریی دەست پێ دەکات ئێمە خاوەنی خاڵێکین، بۆیە ئەرکی منە سەرەتا پارێزگاری لەو خاڵە بکەم. من لە هەولێریش هەر وابوومە. هۆکاری ئاستبەرزیم بۆ متمانەی بەهێزی نێوان من و بەرگریکاران دەگەڕیتەوە لە یانەی ئەمانە".

سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق گۆڵپارێزە تەمەن 34 ساڵییەکەی پێشووی هەولێر دەڵێت: "تاوەکو ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەوبارەیەوە هیچ قسەیەکی لەگەڵ نەکردووم، بەڵام بەپێی ئەو هەڵسەنگاندن و لێکدانەوانەی من گوێبیستی دەبم، هیوایەک هەیە بۆ گەڕانەوەم بۆ هەڵبژاردەی عێراق، کەسە شارەزاکان پێیان گوتم ئەگەر بهاتبا زووتر پەیوەندیت بە یانە بەهێزەکانی خولی نایابی عێراقەوە بکردایە، زۆر بە ئاسانی هەلی گەڕانەوەت بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ دروست دەبوو، بەڵام هێشتا هەوڵ بۆ ئەو ئامانجە دەدەم کە جارێکی دیکە ببمەوە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق".

 

ئەمڕۆ لە شاری دهۆک هەردوو یانەی هەولێر و ئەمانەی بەغداد رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە کە سەرهەنگ موحسین جارێکی دیکە بەرامبەر یانەی هەولێر یاریی دەکات

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە