ئانتۆنیۆ کۆنتی دەبێتە راهێنەری چێڵسی


رووداو - هەولێر

یانەی چێڵسی ئینگلیزی لەگەڵ ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا گەیشتووەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی و ئەو راهێنەرە هاوینی داهاتوو شوێنی گوس هیدینک بەڕێوەبەری هونەری ئێستای ئەو یانەیە دەگرێتەوە.

رۆژنامەی لاگازێتا دێللو سپۆرتی ئیتاڵی ئەمڕۆ بڵاویانکردووەتەوە، کۆنتی و چێڵسی بەشێوەیەکی سەرەتایی گەیشتوونەتە رێککەوتن و راهێنەرەکە چاوەڕێی بڕیاری رۆمان ئەبرامۆڤیچ خاوەنی یانە لەندەییەکە دەکات.

پێشتر گوس هیدینک راهێنەری هۆڵەندی رایگەیاندووە، نایەوێت لە راهێنەرایتیکردن بەردەوام بێت و پێدەچێت هاوینی داهاتوو بەیەکجاری دەستبەرداری ئەو کارە ببێت.

ئەم هەواڵەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەو پۆستە لە یانە لەندەنییەکە وەربگرێت.