رۆبێرتۆ كارلۆس:تۆپ ئۆكسجینی به‌رازیلییه‌كانه‌

23-02-2014
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن كارلۆس
A+ A-



رۆژنامه‌ى لاگازیتا دیلۆ سپۆرتى به‌ناوبانگی ئیتاڵى، هه‌ڤپه‌یڤینێكی درێژى له‌گه‌ڵ رۆبێرتۆ كارلۆسی به‌رگریكارى ئه‌فسانه‌یی به‌رازیل، كه‌ ئێستا راهێنه‌رى یانه‌ى سیفاس سپۆرى توركییه‌، ئه‌نجامداوه‌، (رووداوى وه‌رزشی) به‌شێكى ئه‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌ ده‌كاته‌ كوردی:

لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: تۆ ئێستا چۆنی و دوایین هه‌واڵت چییه‌؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: تاوه‌كو له‌ تۆپی پێ نزیك بم باش ده‌بم، چونكه‌ تۆپ بۆ من وه‌ك ئۆكسجینه‌. ئێستا له‌گه‌ڵ یانه‌ی سیفاس سپۆرى توركیم، هه‌وڵده‌ده‌م پێكهاته‌یه‌كی به‌هێز دروستبكه‌م بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین ململانێ له‌گه‌ڵ یانه‌ به‌هێزه‌كان بكه‌ین.

لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: تۆپی پێی به‌رازیلی ئێستا له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: پێویست ناكات ترس له‌ تۆپی پێی به‌رازیل بكرێت، چونكه‌ زۆر قوتابخانه‌ی تۆپی پێى هه‌یه‌، كه‌ سه‌دان هه‌زار یاریزانى منداڵ و گه‌نج پێده‌گه‌ینن.

لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: له‌ به‌رازیل قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت هه‌ر یاریزانێك پێویسته‌ له‌ یارى كه‌ناره‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێبكات بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ یاریزانێكی گه‌وره‌؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: بێگومان یاریكردن له‌ كه‌ناره‌كان هێزێكی تایبه‌ت به‌ یاریزان ده‌به‌خشێت، باشترین نموونه‌ش رۆناڵدۆ و ریڤاڵدۆ و رۆناڵدینهۆن، ته‌نانه‌ت برانكۆ و پێلێش له‌ كه‌ناره‌كانه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌.

لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: داواكارییه‌كانى جه‌ماوه‌رى سامبا چین؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: له‌ به‌رازیل ته‌نیا پله‌ى یه‌كه‌م هه‌یه‌، بڕوایان به‌ پله‌ی دووه‌م و پله‌كانى دیكه‌ نییه‌.به‌رازیلییه‌كان بێجگه‌ له‌ نازناوه‌كان به‌ هیچ شتێكی دیكه‌ رازی نابن. له‌ به‌رازیل تۆپی پێ هه‌ژارى و كێشه‌ دارایی و سیاسییه‌كان له‌بیر خه‌ڵك ده‌باته‌وه‌و هه‌موویان دڵخۆش ده‌كات.

لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: كه‌واته‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى زۆر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانى یاریزانانى تۆپی پێ؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: بێگومان وایه‌، چونكه‌ یاریزانه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌سته‌كانى خه‌ڵكدا گرتووه‌، ئه‌وان ده‌توانن دڵی خه‌ڵك خۆشبكه‌ن و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان له‌بیر ببه‌نه‌وه‌. كاتێك مۆندیالى 2002 مان برده‌وه‌ له‌ كاتى گه‌ڕانه‌وه‌دا هه‌ستم ده‌كرد من و هاوڕێكانم پیاوی پیرۆزین، چونكه‌ خه‌نده‌مان خستووه‌ته‌ سه‌ر لێوی هه‌موو به‌رازیلییه‌كان.

لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: واته‌ ئه‌گه‌ر جامى مۆندیال نه‌به‌نه‌وه‌ رووبه‌ڕووى تووڕه‌یی و ره‌خنه‌یه‌كی زۆرى جه‌ماوه‌ر ده‌بنه‌وه‌؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: نه‌خێر، مه‌رج نییه‌ هه‌مووجارێ جه‌ماوه‌ر لێمان تووڕه‌ بێت، ئه‌گه‌ر یارى باشمان كردو ئه‌ركی خۆمان به‌ جوانى جێبه‌جێكرد، به‌ڵام چانس یاوه‌رمان نه‌بوو، به‌رازیلییه‌كان لێمان تێده‌گه‌ن، بۆ نموونه‌ دواى مۆندیالى 1998 پێشوازییه‌كى زۆر جوانیان لێكردین.

لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: له‌ قسه‌كانت دیاره‌ كه‌ تۆپی پێ تاكه‌ ئومێدی به‌رازیلییه‌كانه‌؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: پێشتر گوتم به‌رازیل به‌ تۆپی پێ هه‌ناسه‌ ده‌دات. به‌رازیلییه‌كان عاشقی تۆپی پێن. زۆر له‌ به‌رازیلییه‌كانیش له‌ رێگه‌ى تۆپی پێوه‌ خێزان و كه‌سوكاریان له‌ هه‌ژارى رزگار ده‌كه‌ن.
لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: یه‌كه‌م رۆژى خۆت له‌ ئیتاڵیا له‌بیره‌ كه‌ چوویه‌ ریزه‌كانى یانه‌ى ئینته‌رمیلان؟

رۆبێرتۆ كارلۆس: به‌ڵى، ئه‌و رۆژه‌ قه‌ت له‌بیرناكه‌م، كه‌ له‌ ئیتاڵیا چوومه‌ چێشتخانه‌یه‌ك، هێشتا گه‌نج بووم، هه‌رچه‌نده‌ یاریم بۆ هه‌ڵبژاده‌ى به‌رازیل كردبوو، به‌ڵام كه‌س نه‌یده‌ناسیم، كاركه‌رێكی چێشتخانه‌ لێیپرسیم لێره‌ چیده‌كه‌ى؟ گوتم هاتووم بۆ ئینته‌رمیلان یارى بكه‌م، زۆر گاڵته‌ى پێكردم و زۆر پێكه‌نی.
لاگازیتا دیلۆ سپۆرت: بۆچى یاریزانانى به‌رازیل له‌ پریمه‌رلیگدا كه‌من؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: نازانم، به‌ڵام پێموایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاریزانى به‌رازیلی ناتوانێت زۆر رابكات بێئه‌وه‌ى تۆپ له‌ ژێر قاچه‌كانى بێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە