رووداو دیجیتاڵ
رافایێل لیاو، ئەستێرەی یانەی میلانی ئیتاڵی، ئاشکرایکرد، سێرجیۆ کۆنسێساوی راهێنەری نوێی یانەکە زۆر هاوکاریی دەکات و دەڵێ، ئەو لەو جۆرە راهێنەرانەیە کە لەپێناو یاریزانەکانیدا دەمرێت.
لیاو پێشەوایەتیی میلانی کرد بۆ بردنەوە لە جیرۆنای ئیسپانی لە گەڕی حەوتەمی چامپیۆنزلیگ.
لیاو تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و بەوەش سێ خاڵی بەخشییە میلان کە بەهۆیەوە تیپەکە کۆی خاڵەکانی لە پاڵەوانێتییەکەدا گەیاندە 15 خاڵ، لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکە.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە دوای یارییەکە گوتی، زۆر دڵخۆشم بەوەی یاریی بۆ میلان دەکەم، ئێمە کارێکی ناوازە دەکەین.
لیاو هەروەها دەڵێ، "یارییەکی زۆر گرنگ بوو، ئێمە دڵخۆشین بەئەنجامەکە، کەشی ژووری جلگۆڕینی یانەکە زۆر ئارام، ئێستا ئیدی ئێمە لە راهێنەرەکەمان تێدەگەین".
قسەکانی لیاو، ئاماژەن بۆ پشێوییەکانی نێو ژووری جلگۆڕینی یانەکە لەماوەی راهێنەرایەتی پاولۆ فۆنسێکای راهێنەری پێشووی یانەکە، کە لە ماوەی رابردوودا لە مەشقدانی میلان دوورخرایەوە.
لیاو لەگەڵ فۆنسێکا کێشەی زۆری هەبوو، ئەو راهێنەر وەک یاریزانێکی سەرەکی پشتی بەو هێرشبەرە نەدەبەست و زۆرینەی کات لەسەر کورسیی یەدەگ بوو.
لیاو جارێکی دیکە بەراوردی نێوان کۆنسێساو و فۆنسێکای کردووە و دەڵێ، "دوو راهێنەری جیاوازن، گرنگترین شت عەقڵیەتە، ئێمە دەبێ هەمیشە لە لووتکەدا بمێنینەوە".
هەروەها دەڵێ، "کۆنسێساو دەستبەردارم نابێت، هەمیشە داوام لێدەکات چاوم لە لووتکە بێت".
زیاتر دەڵێ، "ئەو هەوڵدەدات وەک یاریزان و وەک کەسێک هاوکاریم بکات، من هەوڵدەدەم لێی تێبگەم. سێرجیۆ لەجۆری ئەو راهێنەرانەیە کە دەکرێ لەپێناو یاریزانەکانیدا بمرێت، منیش هەوڵدەدەم لەپێناو ئەودا بمرم".
میلان وێڕای نزیکیی لەسەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە سێری ئا دۆخی بەدڵی هاندەرەکانی نییە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە بەکۆکردنەوەی 31 خاڵ، لە کاتێکدا ناپۆلیی پێشەنگ خاوەنی 50 خاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ