ژاپۆن دەیەوێت برینەکانی بەرامبەر عێراق بە ئیندۆنیزیا تیمار بکات

23-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ژاپۆن جامی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ژاپۆن دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان ئەنجامدا و کارۆ میتۆما بەشداریی لە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا نەکرد.
 
ژاپۆن دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئیندۆنیزیا ئەنجامدا، یاریزانە 26 ساڵەکەی یانەی برایتنی ئینگلیزی لە دوای پێکانەی یاریی بەرامبەر کریستال پاڵاس لە مانگی رابردوودا، تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی گەڕاوەتەوە نێو مەشق و راهێنانەکان، بەڵام هێشتا بۆ یارییکردن ئامادەنییە.
 
هەڵبژاردەی ژاپۆن لە یاریی رابردوودا دوای 42 ساڵ بەرامبەر عێراق دۆڕا و ئێستا تەنیا سێ خاڵی هەیە، لە یارییەکەی بەرامبەر ئیندۆنیزیا پێویستیان بەبردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئیندۆنیزیا خاوەنی سێ خاڵە و بەبردنەوە لە ڤێتنام هەلێکی زۆری دروستکرد بۆ ئەوەی خۆی لە قۆناخی داهاتوو ببینێتەوە، بۆیەش یارییەکەیان بەرامبەر ژاپۆن یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی دەستکەوتێکی مێژوویی تۆماربکەن و بگەنە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا.
 
ژاپۆن تەنیا دوو جار بەرامبەر ئیندۆنیزیا یارییکردووە، جارێک یەکسانبووە و جارێکیش بە 5-0 لەو هەڵبژاردەیەی بردووەتەوە، ئەمە یەکەم یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەیە لە دوای ساڵی 1989ـەوە و یەکەمجارە لە مێژووی جامی ئاسیادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ژاپۆن یەکێکە لە هەڵبژاردە زۆر بەهێزەکانی ئاسیا و بەربژێر بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە، ئەوان 4 جار نازناوەکەی بەدەستهێناوە و تاوەکو دۆڕانی بەرامبەر عێراق، 25 یاری بوو هیچ یارییەکیان لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا نەدۆڕاندبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە