کاساس لە رێگەی رووداوەوە باسی ئاکام هاشم و هەلی یارییکردنی بەرامبەر ڤێتنام دەکات

23-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خیسوس کاساس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا، باس لە ئەگەری یارییکردنی ئاکام هاشم، یاریزانی کوردی یانەی هەولێر لە یاریی بەرامبەر ڤێتنام دەکات.
 
کاساس دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا بۆ یاریی بەرامبەر ڤێتنام ئەنجامدا و بە رۆژنامەڤانانی گوت "بردنەوەی یارییەکەی بەرامبەر ڤێتنام بۆ ئێمە زۆر گرنگە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی لە ریزبەندی جیهاندا زیاتر دەچینە پێشەوە، یارییەکە هەلێکە بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر بدەینە یاریزانەکانمان و پارێزگاری لە تواناکانمان بکەین دوای بردنەوەمان لە ژاپۆن."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی محەممەد کارێزی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵکردنی جامی ئاسیا، لەبارەی ئەوەی لە یارییەکەی سبەی بەرامبەر ڤێتنام یاری بە ئاکام هاشم و ئالان محیەدین دەکات؟ کاساس لە وەڵامدا گوتی "هەموو یاریزانەکان ئامادەن، هەموو یاریزانەکان چانسیان هەیە بۆ یاریی داهاتوو بەشداری بکەن. من لە ئاستی ئاکام رازیم و زۆر دڵخۆشم لەگەڵی. ئەمە جاری یەکەمیەتی لەگەڵ هەڵبژاردەکەمان، بەڵام لەگەڵ هەموو راهێنانێکدا  ئاستی بەرەوپێش دەچێت. ئەویش هەمان چانسی یاریزانەکانی دیکەی هەیە بۆ ئەوەی بەشداری یارییەکان بکات. من لەگەڵ ئەو زۆر دڵخۆشم، چونکە سەرەڕای ئەوەی لە دوو یاری رابردوودا ناوی لە پێکهاتەکەدا نەبوو، ئەو بەردەوامبوو لەوەی راهێنانەکانی زۆر بەباشی ئەنجامبدات. ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە هەموو یاریزانەکان هەموو رۆژێک ئاستیان باش بێت."



راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "مەشق و راهێنانی چڕمان کردووە، رەنگە دەرفەت بدەینە بەشێکی ئەو یاریزانانەی لە دوو یاریی یەکەمدا بەشدارییان نەکردووە، هەروەها پێکهاتەکەمان بەپێی رکابەرەکانمان دیاری دەکەین، بۆیە پێکهاتەی بەرامبەر ژاپۆن جیاواز لە پێکهاتەی یاریی بەرامبەر ئیندۆنیزیا، هەمان شت بەرامبەر ڤێتنامیش دەبێت و بۆ هەر بارودۆخێکی ئامادەین و یاریزانەکانیش هەمووان ئامادەن و سبەی پێکهاتەی کۆتایی بۆ یارییەکە دەبینن."
 
لە کۆتاییدا قسەکانیدا، خیسوس کاساس سوپاسی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراقی کرد کە چوونەتە قەتەر بۆ پاڵپشتیی هەڵبژاردەکە و گوتی "ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگ و ئەرێنی بوو، زۆر گرنگە ئەم جۆرە پاڵپشتییەمان هەبێت، هیوادارین لەگەڵمان بن، تەنانەت کاتێک هەڵئاواسانیش لە ئاستی تیپەکەدا هەبێت، چونکە ئەمە شتێکی سرووشتییە لە تۆپی پێدا و لەوانەیە لە هەر ساتێکدا رووبدات."
 
رۆژی چوارشەممە هەڵبژاردەی عێراق دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئەنجامدەدات و کاژێر 14:30 رووبەڕووی هەڵبژاردەی ڤێتنام دەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە